ڤیدیۆ..ئاسایشی هەولێر وردەكاری تیرۆركردنی موسا باباخانی بڵاوكردەوە
  2021-08-15       2573       

ئاسایشی هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وردەكاری تیرۆركردنی موسا باباخانی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموكراتی كوردستانی بڵاوكردەوەو دەڵێت: تۆمەتباری سەرەكی روداوەكە بۆ ئێران هەڵاتوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە رێکەوتی 7ی ئابی 2021، لە شاری هەولێر تاوانی کوشتنی موسا باباخانی کە خەڵکی کرماشانی کوردستانی ئێرانە لە یەکێک لە هۆتەلەکان راگەیەندرا، پاش لێکۆڵینەوە لە ژمارەی گومانلێکراو و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست لەسەر ئەم تاوانە، دەرکەوت کەوا گومانلێکراوی سەرەکی کەسێکە بە ناوی (سەرمەد داود عەبد علی) ناسراو بە سامان ئیلامی."

بەپێی راگەیەندراوەكەی ئاسایشی هەولێر، سەرمەد ساڵێك و چوار مانگە لە شاری هەولێر و لە هۆتێڵی "گوڵی سلێمانی" بەناوی كاری بازرگانییەوە نیشتەجێیەو پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ تاوانلێكراو موسا باباخانی هەبوەو بەردەوام بەیەكەوە بون و هاموشۆی گەرم لەنێوانیاندا هەبوە.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەداوە كە لە رێكەوتی 5ی ئابی 2021، سەرمەد بە تاكسی لە گوندی "گردەچاڵ"ی سەربە ناحیەی بەحركە چوە بەدوای موسا باباخانی و بەیەكەوە هاتونەتە ناو شاری هەولێرو سەعات 10ی شەو بەیەكەوە چونەتە ژورەكەی سەرمەد لە هۆتێلی گوڵی سلێمانی و پاش چەند ساتێك بەیەكەوە لە هۆتێلەكە هاتونەتە خوارەوەو پیاسەیەكی ناو بازاڕیان كردوە، ئینجا دوبارە پێكەوە گەڕاونەتەوە هەمان هۆتێل.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سەعات 3ی بەرەبەیان لە رێكەوتی 6ی ئابی 2021، گومانلێكراو سەرمەد بەتەنها لە ژورەكەی هاتۆتە دەرەوەو هۆتێلەكەی جێهێشتوەو تەلەفۆنێكی كردوە تاكسییەك هاتوە بەدواییداو بەرەو شاری خانەقین بەڕێكەوتوەو لەوێشەوە بۆ رۆیشتوە بۆ ئێران.

ئاسایشی هەولێر وتوشیەتی"بەپێی لێكۆڵینەوەكان تا ئاشكرابونی تاوانەكە لەلایەن كارگێڕیی هۆتێلەكەوە لە رێكەوتی 7ی ئابی 2021، هیچ كەسێك نەچوەتە ژورەكەی سەرمەد."

ئاسایشی هەولێر هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پەڕاوی یاسایی بۆ تاوانەكە كراوەتەوەو فەرمانی دەستگیركردن بۆ  سەرمد داود عەبد عەلی، گومانلێكراوی سەرەكی تاوانەكە دەرچوە بەدواداچونیش بەردەوامە بەمەبەستی دەستگیركردنی.

ئاسایشی هەولێر وتوشیەتی"لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بەردەوام دەبێت و لەهەر پێشڤەچونێك رایگشتی ئاگاداردەكەینەوە."

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×