بافڵ تاڵەبانی: درێژە بە سیاسەتێك دەدەین لەخزمەت بەرژەوەندی گشتی بێت نەك مەرام و ئامانجێكی دیاریكراو
  2021-08-15       521       

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، حزبەكەیان بە ئاڕاستەی "راستكردنەوەی رێڕەوی حزبی" چەند هەنگاوێكی ناوەو لەمەودواش درێژە بەو سیاسەتە نیشتمانییە دەدەن كە "خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکات نەوەک مەرام و ئامانجێکی دیاریکراو."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، "لەدیدارێکدا کە قوباد تاڵەبانی ئامادەیبو، گفتوگۆی ھەمەلایەنە دەربارەی پرس و پێشھاتە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێم و ھەڵبژاردنەکان کرا. جەخت لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان کرایەوە و دەستور بکرێتە پێوەری چارەسەرکردنی کێشەکان و هەمولایەک لەپێناو ئارامی و سەقامگیری هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ."

لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراقەوە ھەردولا ھاوڕابون لەئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا کە رەنگدانەوەی خواستی ھەمولایەنەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"سەبارەت بە چاکسازی و گۆڕانکارییەکانی یەکێتی لەماوەی ڕابردودا، بافڵ تاڵەبانی بەرچاوڕونیدا و وتی، یەکێتی بەئاڕاستەی راستکردنەوەی رێڕەوی حیزبی و پاراستنی یەکێتییەکەی مام چەند ھەنگاوێکی ناوە. بۆ لەمەودوا درێژە بەو سیاسەتە نیشتمانییە دەدەین کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکات نەوەک مەرام و ئامانجێکی دیاریکراو."

بافڵ تاڵەبانی "دڵنیایشیدا یەکێتی لە ئاست بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان دەبێت و دەمانەوێت لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنەکان هاوکار و پشتیوان بین بۆ بونیادنانی وڵاتێکی ئارامتر و خۆشگوزەرانتر بۆ هاوڵاتییانمان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×