بەغدا..بەرپرسێكی كورد دوای سەپاندنی سزا بەسەریدا لە دادگا هەڵهات
  2021-08-16       1972       

بەپێی میدیا عێراقییەكان، ئەمڕۆ دوشەممە، ئەنوەر حەمەئەمین، فەرماندەی پێشوی هێزی ئاسمانی عێراق كە كوردە، دوای ئەوەی دادگا سزای دو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندوە، بۆ شوێنێكی نادیار هەڵهاتوە.

ئاوێنە: میدیا عێراقییە لە زاری سەرچاوە ئەمنییەكانەوە بڵاویانكردۆتەوە، فەریق روكنی فڕۆكەوانی خانەنشین ئەنوەر حەمە ئەمین، كە دانیشتوی شاری هەولێر، ئەمڕۆ بەهۆی ئەوەی كاتی دادگاییكردنی بوە، براوەتەوە بەردەم دادگای تاوانەكانی كەرخ لە بەغداو دادگا بڕیاری سەپاندنی دو ساڵ زیندانی بۆ دەركردوە.

ئەوەشیان خستۆتەڕو، دوای دەركردنی بڕیارەكە لەلایەن دادگاوە، مەفرەزەیەكی پۆلیسی "ساڵحیە" بانگكراون بۆ بردنی و كاتێك چونەتە دەرەوەی دادگا، ناوبراو بە مەفرەزەكەی وتوە، هەندێك پێویستی و جلوبەرگی لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیدان لەجۆری مۆنیكا كە ئۆتۆمبێلەكە بە برازایەكی بوە بەناوی ئەرشەد ساڵح حەمە ئەمین  كە عەقیدە لە وەزارەتی بەرگری، لەو كاتەدا ئەنوەر حەمە ئەمین لەگەڵ برازاكەی و ئەفسەرێكی پۆلیسی ساڵحیە سواری ئۆتۆمبێلەكەی بوە.

سەرچاوە ئەمنییەكان بۆ میدیا عێراقییەكان وتوشیانە، دواتر لەنێو ئۆتۆمبێلەكە عەقید ئەرشەد دەمانچەی خستۆتە سەر سەری ئەفسەرەكەی پۆلیس و بەرەو "حەی عەدل" هەڵاتوە.

بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان پاشان، هێزە ئەمنییەكان ئەو  شەقامەیان داخستوەو توانیویانە ئۆتۆمبێلەكە رابگرن، بەڵام لەو كاتەدا تۆمەتبار ئەنوەر حەمەئەمین بۆ جێگەیەكی نادیار هەڵاتوە بەڵام برازا عەقیدەكەی دەستگیركراوەو دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەكەو چەكێكی جۆری ئێم فۆر و دەمانچەیەكدا گیراوەو دەستیش كراوە بە گەڕان و پشكنین بەدوای فەریق ئەنوەر حەمە ئەمیندا.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×