پەنتاگۆن: ژمارەی سەربازانمان لە فڕۆكەخانەی كابوڵ زیاد دەكەین
  2021-08-16       687       
هەزاران كەس لە فڕۆكەخانەی كابوڵ چاوەڕێی جێهێشتنی ئەفغانستانن و سەرجەم گەشتەكانیش وەستاون

جۆن كێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا(پەنتاگۆن)، ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، هێزەكانی ئەمریكا لەگەڵ هێزەكانی توركیاو هێزە نێودەوڵەتییەكانی دیكە كاردەكەن بۆ ئارامكردنەوەی دۆخی فڕۆكەخانەی كابوڵ بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی جێهێشتنی فڕۆكەخانەو وەزیری بەرگری ئەمریكاش رەزامەندی داوە لەسەر زیادكردنی هێزەكانی وڵاتەكەی لە فڕۆكەخانەی كابوڵ.

ئاوێنە: جۆن كێربی لە لێدوانێكدا وتویەتی، وەزیری بەرگری ئەمریكا رەزامەندیداوە لەسەر ئەوەی هێزی زیاتر رەوانەی فڕۆكەخانەی كابول بكەن و ژمارەی هێزەكانیان بۆ شەش هەزار سەرباز لەو فڕۆكەخانەیە بەرزدەكەنەوە بەمەبەستی پاراستنی گەشتەكانی جێهێشتن لە فڕۆكەخانەی كابوڵ.

بەپێی قسەی وتەبێژی پەنتاگۆن لە ئێستادا 2500 سەربازی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەكەن.

هەزاران كەس لە ئەمریكی و ئەفغانی و نەتەوەی دیكە لە فڕۆكەخانەی كابوڵن بەمەبەستی جێهێشتنی ئەفغانستان ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ چەكدارانی تاڵیبان كۆنترۆڵی كابوڵی پایتەختیان كرد.

بە قسەی جۆن كێربی لە ئێستادا هەمو جۆرە گەشتێك لەو فڕۆكەخانەیە وەستاوەو ناشزانن كەی گەشتەكان دەستپێدەكەنەوە، بەڵام هێزەكانی ئەمریكا كۆنترۆڵی جوڵەی ئاسمانیان لەدەستدایە لە كابوڵ.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە تاوەكو ئێستا سەدان كەس لە فڕۆكەخانەكەوە گوازراونەتەوە بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە پڕۆسەكە وەستاوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە چەند چەكدارێك ئەمڕۆ تەقەیان لە هێزەكانی ئەمریكا كردوە لە فڕۆكەخانەكەو هێزەكانی ئەمریكاش دوان لەو چەكدارە ئەفغانیانەیان كوشتون و زانیاری سەرەتاییش هەن كە سەربازێكی ئەمریكی برینداربوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە سەرنجی سوپای ئەمریكا لە ئێستادا لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی فڕۆكەخانەكەو دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی جێهێشتنە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×