2021-08-17   408     
شارەزایەنی بواری ئاو هۆشداری دەدەن لە کەمبوونەوەی ئاوی عێراق لە ساڵی 2025دا، بەجۆرێک بەشە ئاوی ساڵانەی هاوڵاتییانی عێراقی بۆ ئاستێکی نزم دادەبەزێت.
ئاوێنه: تەحسین موسەوی شارەزای عێراقی لە بواری ئاودا دەڵێت، “شارەزایانی جیهان هۆشداری دەدەن لە ڕوبەرووبوونەوەی کەمئاوییەکی سەخت لە ساڵی 2025دا و بەمەش پشکی ئاوی هەر تاکێک لە 1250 مەتر سێجاوە کەمدەبێتەوە بۆ 350 مەتر سێجا لە ساڵێکدا.
هۆکاری دروستبوونی ئەو کێشەیەش لە ساڵی 2025دا بۆ زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و کەمبوونەوەی ئاوی بەردراوە لە وڵاتانی دراوسێ دەبێت.
ئەو شارەزا عێراقییە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەکارهێنانی ڕێگا کۆنەکان بۆ بەردانەوەی ئاو نەیتوانیوە باوەڕبەوڵاتان بهێنێت سەبارەت بە پشکی ئاوی عێراق ئەم کێشەیەش دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 40 ساڵی ڕابردوو.
بەپێی بەدواداچوونەکان بۆ کێشەی کەمئاوی لە عێراق، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق 10 بۆ 12 ملیۆن کەس بووە توانای ڕووباری دیجلە 40 بۆ 50 ملیار مەتر سێجا بووە، ڕووباری فوراتیش 30 بۆ 40 ملیار بووە لەساڵێکدا.
کەمبوونەوەی ئاوی عێراق لەساڵی 2009 و بەهۆی دروستکردنی بەنداو و بەربەستەکانی گلدانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە سەریهەڵداوە.
عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات دەبەستێت بۆ دابینکردنی ئاو، کەمیی باران بارین لەچەند ساڵی ڕابردوودا هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی ئاوە لە عێراقدا.