پارتی: کێشەکانی یەکێتی سارد بوەتەوەو گەرموگوڕی ڕۆژانی دوای 8ی تەموزی نەماوە
  2021-08-17       1703       

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بارودۆخ و کێشەکانی یەکێتی سارد بووەتەوە و گەرموگوڕێ ڕۆژانی دوای 8ی تەموزی نەماوە، دەشڵێت، ئەگەر گۆڕانکارییەکانی ئەو حزبە ببێتە هۆی نەهێشتنی ڕێگری لەبەردەم چاکسازیی، ئەوا پێیان باشە.   

ئاوێنه‌: مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیاکانی نزیک لە حزبەکەی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی یەکێتییەوە ڕایگەیاند، "تائێستا ڕوون نییە دەیانەوێت چیبکەن، بۆیە هیچ کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکمان نەبووە، چاوەڕێین بزانین دەیانەوێت چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن."   

وتیشی، "لەئێستادا هەمووان سەرقاڵی بابەتی هەلبژاردنین، پێموایە ئەوانیش دەیانەوێت لەدوای هەڵبژاردن بارودۆخەکەیان یەکلایی بکەنەوە، بەپێی ئەوەی ئەو گەرموگوڕییەی لە 8ی تەموز دەستیپێکرد، وردە وردە سارد بووەتەوە."   

لەبارەی ئەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی ناو یەکێتییان پێباشە؟ وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، "ئەو چاکسازییانەی ئێستا یەکێتی باسی دەکات، ئەوانەن کە حکومەت گرتوویەتیەبەر، بەڵام ئەوەی هەبوو لە ڕابردوودا ڕێگری لەو چاکسازییانە هەبوو، ئەگەر ئێستا بەو گۆڕانکارییانە ئەو ڕێگرییانە نەهێڵن، ئەوا شتێکی باشە."   

مەحمود محەمەد باسی لەوەشکرد، "وەک پارتی ڕێککەوتنێکی سیاسی و ڕێککەوتنێکی ئیداریمان لەگەڵ یەکێتی هەیە و پێوەی پابەندین، بەڵام یەکێتی پێوەی پابەند نەبوون، چونکە لەڕووی سیاسییەوە هەندێک شت ڕوویدا کە نەدەبوو بکرایە، لە ڕووی ئیداریشەوە پێیەکیان لە حکومەت بوو و پێیەکیان لە ئۆپۆزسیۆن."   

لەبارەی ئەوەشی لەدوای گۆڕانکارییەکان یەکێتی پابەندی ڕێککەوتنەکان دەبێت، وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، "هێشتا زۆر زووە و شتێکی ئەوتۆ ڕووی نەداوە کە هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی بۆ بکەین."   
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×