"پارتی هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەدات"
  2021-08-17       1306       
به‌وته‌ی‌ ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەدات. ئه‌و ده‌ڵێت، "هەوڵی پارتی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار، تێکچونی سەرەتاییترین ڕێککەوتنی نێوانیانە لەگەڵ یەکێتی".

ئاوێنه‌:  موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی به‌دەنگی ئەمەریکای‌ ڕاگه‌یاندووه‌، "پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەدات لەدوای هەڵبژاردن، پارتی توانیویەتی خۆسازی بکات، لەم خولەی پەرلەمان تەجاوزی هەندێک لەو گرێ یانەی کردووە کە لەکاتی ڕیفراندۆم بۆی دروستبوو، نەک ئێستا، بەڵکو پێشتریش دکتۆر فواد حسێن ی بۆ سەرۆک کۆمار کاندید کرد و پشتیوانیکرد."

وتیشی‌، "هەوڵی پارتی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار، تێکچوونی سەرەتاییترین ڕێککەوتنی نێوانیانە لەگەڵ یەکێتی، هەوڵدانە بۆ دروستکردنی واقیعێکی سیاسی جیاواز، هەوڵی پارتی بۆ بردنی سەرۆک کۆمار تازە نیە، پێشتر لەبردنی ئەو پۆستە شکستی هێنا، ڕەنگە ئەمجارە بیەوێ بیبات و شکست نەهێنێت."

له‌باره‌ی‌ بایكۆتی‌ هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن ڕه‌وتی‌ سه‌دره‌وه‌، موسەنا ئەمین ده‌ڵێت، کوتلەی سەدری شێوازێک دەدۆزێتەوە بۆ چۆنیەتی بەشداریکردنی ئەندامەکانی لەهەڵبژاردندا، چونکە پێشتریش چەندین جار وازهێنانی لەژیانی سیاسی ڕاگەیاندووە، بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە.

سه‌باره‌ت به‌سیسته‌می‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ناوبراو رایگه‌یاندووه‌، "بچووککردنەوەی بازنەی هەڵبژاردن، خزمەت بە دیموکراسی ناکات، بەڵکو خزمەت بە تایەفەگەری و بنەماڵە و عەشیرەتگەری دەکات، خزمەت بە حیزبە گەورەکان دەکات، کە ڕێکخستن و پارە و چەکیان لایە و دەتوانن پرۆسەی هەڵبژاردن، بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا ببەن، دەتوانن زۆربەی کورسیەکان ببەن."

جەختیشیکردەوە "بازنەی بچوک، خزمەت بەو کاندیدانە ناکات، کە لەسەر بنەمای فیکری و زانستی و میهەنی، دەیانەوێ بچنە پەرلەمان."

ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ڕوونیکردەوە، چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانی عێراق بەسەدانیان لێ کوژراوە، هەندێک خواستیش خراوەتە سەر زمانیان، کە خواستەکان هی هەندێک حیزبی سیاسی بوو، کە چاویان بڕیبووە کورسی سەرۆک وەزیرانی عێراق، نەک خواستی چالاکوانان بێت، وتی"هەر ئەو هێزە سیاسیە کە خواستەکانی خستبووە زمانی چالاکوانان، دواتر بەزۆر ئەوانی ناردە ماڵەوە و گۆڕەپانەکانی پێ چۆڵکردن، بەتایبەت دوای هاتنی حکومەتەکەی کازمی و وەرگرتنی پۆست لەلایەن ئەو هێزە سیاسیەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×