2021-08-17   575     
یەبەشە دەربارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سوپای توركیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت، ئەو نەخۆشخانەیە بۆ پێداویستیی هێزەکانی بەرگریی و گەلی ئێزدیی و عەرەب دروستکرابو، بەڵام ئەمڕۆ بووە ئامانجی سوپای توركیا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال(یەبەشە)، دەربارەی هێرشەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای توركیا کە ئەمڕۆ کرایە سەر نەخۆشخانەی گوندی سکێن-ی شەنگال، ڕاگەیەندراویکی بڵاوکردەوە.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ”پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر ٢:٠٠، بە چاودێریی و ڕێکخستنی فڕۆکەی سیخوڕیی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی جەنگیی نەخۆشخانەی سکێن-ی شەنگالی بۆردوومان کرد”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو نەخۆشخانە لەژێر پاراستنی یەبەشەدا، بۆ پێداویستیی هێزەکانی بەرگریی و گەلی ئێزدیی و عەرەب، دروستکرابوو، بەڵام ئەمڕۆ بووە ئامانجی دەوڵەتی تورک.
یەبەشە، دەشڵێت، ئەو نەخۆشخانەیە لە خزمەتی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و گەلی شەنگالدا بوو، دەوڵەتی فاشیست، قڕکەر و داگیرکەر، دوای هێرشی ١٦ی ئاب، ئەمڕۆش هێرشیکردەوە سەر شەنگال، ئەو هێرشە شەهید و برینداری لێکەوتەوە، هەتا ئێستا شەهید و بریندار هەن، کە لەبن داروپەردووی نەخۆشخانەکەدا ماون و دەرنەهێندراون.
یەبەشە، ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەکانی داهاتوودا، فەرماندەیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە، ڕاگەیەندراوێک بە بەرفراوانیی بڵاودەکاتەوە.