2021-08-17   543     
ئیڤان فایەق
وەزیری کۆچو کۆچبەرانی عێراق ڕایگهیاند، لەکەرکوک ٣٥ ھەزار خێزانی ئاوارە بونی ھەیەو لەماوەیەکی نزیکدا مینحەیەک بەبڕی ملیۆنێکو ٥٠٠ ھەزار دینار دەدەن بەھەر خێزانێکی ئاوارە لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان.
ئاوێنه: ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچو کۆچبەرانی عێراق سەردانی پارێزگای کەرکوکی کردو لەگەڵ پارێزگاری کەرکوکو فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکاندا کۆبوەوە.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لهكۆنگرهیهكی ڕۆژنامهوانیدا ڕایگهیاند، لەکەرکووک ٣٥ ھەزار خێزانی ئاوارە بوونی ھەیە کە ١٣ ھەزار خێزانیان خەڵکی ناو پارێزگاکەن و شەش ھەزار خێزانی پارێزگای نەینەوا و پێنج ھەزار خێزانیش خەڵکی پارێزگای ئەنبارن.
وتیشی، "لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت باسی داڕشتنەوەی میکانیزمێکمان کرد بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار بۆ ناوچەکانی خۆیان چونکە ئەو دوو پارێزگایە لە دۆخێکی ئەمنی باشدان و دۆخی ئەمنی تیایاندا جێگیرە".
ئیڤان فایەق لەسەر ھاوکاریکردنی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان وتی، "لەماوەیەکی نزیکدا مینحەیەک بەبڕی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دینار دەدەین بە ھەر خێزانێکی ئاوارە لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکان ئەویش بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و ئەو لیژنەیەی بۆ ئەو مەبەستە پێکھێنراوە".
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی بەشداریکردنی ئاوارەکان لەپرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، رایگەیاند، " ھەوڵمانداوە کێشەی دەنگدان و کارتی دەنگدانی ھەموو ئەو ھاووڵاتییانە چارەسەر بکەین کە ئاوارەبوون و لەئێستادا لە ناوچەکانی خۆیان نین بۆ ئەوەی وەک مافێکی یاسایی و ئاسایی بەشداربن لە پرۆسەی دەنگدان".
لەبارەی کەسوکاری چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و چارەنووسیان، ئیڤان فایەق وتی، "ھێزە ئەمنییەکان گرەتنی گەڕانەوە و پاراستنی کەسوکاری چەکدارانی داعش دەکەن و سەرجەم ناو و زانیارییەکانی ئەو کەسانە لەبەردەستی ئاسایشی نیشتمانی عێراقدایە و وردبینیان بۆ دەکرێت و ئەو کەسانەیشی ھەر کێشەیەکی ئەمنی و پەیوەندییان لەگەڵ چەکدارانی داعش لەسەربێت ئەوە ئێمە وەک وەزارەت ھیچی بۆ ناکەین و ئەوە دەبێتە کاری ھێزە ئەمنییەکان".