هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: هەماهەنگی نێوان پێشمەرگەو سوپای‌ عێراق کلیلی سەقاگیری‌ ناوچەكه‌یه‌
  2021-08-17       467       
وەین مەرۆتۆ
وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگه‌یاند، هەماهەنگی‌و پەیوەندی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق کلیلی سەقاگیری‌ ناوچەكه‌یه‌و دەرفەت نادات بەسەرهەڵدانەوەی داعش.

ئاوێنه‌: وەین مەرۆتۆ، وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەتویتەر نوسیویەتی‌، "پەیوەندیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق لەشەڕی دژ بەداعشدا چارەسەرێکی دور مەودایەو دەرفەت نادات بەسەرهەڵدانەوەی داعش."

ئه‌وه‌شی‌ نوسیوه‌، ئەوان بەردەوام پشتیگیری پەیوەندی‌و هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای‌ عێراق دەکەن‌و ئەو هەماهەنگییەش وەک کلیلی چارەسەری سەقاگیری‌ لەناوچەكه‌ سەیردەکەن.

وەین مەرۆتۆ جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كردۆته‌وه‌ كه‌ ئەوان بەیەکەوە لەگەڵ پێشمەرگەو هێزەکانی عێراق بەردەوام پابەند دەبن بەنەهێشتنی پاشماوەکانی داعش یان هەر ئەگەرێک بۆ سەرهەڵدانەوەیان لەناوچەکە.

ئه‌و وتانه‌ی‌ وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق لەدو قۆڵەوە ئۆپراسیۆنێکی سەربازییان لەناوچەی داودەی سەر بەقەزای نەوجول دەستپێکردووه‌.

بەپێی زانیارییەکان، قۆڵی یەکەم ھێزەکانی کۆماندۆی پێشمەرگەو یەکەیەکی ھێزەکانی فەڕەنسا لەشۆراو ئۆپراسیۆنەکەیان دەستپێکردووە تا گوندەکانی پەڵکانە، لەقۆڵی دووەمیش ھێزێکی ھاوبەشی فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێراو لیوای 52ی سوپای عێراقی‌و لیوای 52ی حەشدی شەعبی لەزنجیرە چیای غەرەو گوندی قوریچای دەستیانپێکردووەو تا ئێستا دەستیانگرتووە بەسەر چەند حەشارگەیەکی چەکدارانی داعش و تەقێنراوەتەوە.

ئۆپه‌راسیۆنەکە بەردەوامی هەیەو تائێستاش لەئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر چەندین حەشارگەی چەکدارانی داعش گیراوەو بەشێکیشیان سوتێنراون‌و بەشێکی تریشیان تەقێنراونەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×