2021-08-18   1023     
ئه‌مڕۆ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان‌و براکانی لەدادگای سلێمانی ئامادەبون، باس له‌وه‌شده‌كرێت بەکەفالەت ئازادکراوەو سكاڵاى له‌سه‌ر بافڵ تاڵه‌بانى تۆماركردوه.
ئاوێنه: لەسەر بنەمای چەند سكاڵایەك كە لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە جوڵێنرابون پێشتر له‌دژى لاهور شێخ جه‌نگى مانگى ڕابردوو دواى قوڵبونه‌وه‌ى كێشه‌ى نێوانیان دادگا فەرمانی دەستگیركردنى بۆ لاهور شێخ جەنگی ده‌ركردوه به‌چه‌ندین تۆمه‌تى جیاواز.
به‌شێك له‌سه‌ركرده‌و كادیرانى یه‌كێتى له‌م دۆخه‌ى حزبه‌كه‌یان نیگه‌رانن‌و پێیانوایه، په‌نابردنه به‌رده‌م دادگا بۆ یه‌كلابونه‌وه‌ى كێشه‌كان له‌به‌هاو كارى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى‌و ئۆرگانه فه‌رمیه‌كانى یه‌كێتى كه‌مكردۆته‌وه، چونكه ئه‌وان پێیانوایه، سه‌رجه‌م ئه‌و كێشانه حزبى بون‌و پێویست بوه له‌چوارچێوه حزبه‌كه‌یاندا چاره‌سه‌ر بكرێت.
له‌ڕۆژى 8ى ته‌مموزى 2021یشدا كێشه‌و ململانێكانى یه‌كێتى له‌نێوان هه‌ردوو هاوسه‌رۆكدا گه‌یشتنه ته‌قینه‌وه‌و سه‌ربارى درێژه‌كێشانى مللانێى دوو ئامۆزاكه، به‌ڵام تائێستا نه سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى توانیویه‌تى كۆبونه‌وه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه ئه‌نجامبدات‌و نه نێوه‌ندگیره‌كانیش هه‌وڵه‌كانیان گه‌یشتۆته ئامانج.