بڕیاری لەسێدارەدان بۆ تیرۆریستێكی ئۆزبەكی سەر بە داعش دەركرا
  2021-08-18       258       

دادگای تاوانەكانی كەركوك / گەرمیان بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ تاوانبارێكی تیرۆرستی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش دەركرد كە بە ڕەگەز ئۆزپەكییەو خەڵكی وڵاتی ئۆزپاكستانە.

ئاوێنه‌: بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، تاوانبارێك پاش ئەوەی لە وڵاتی ئۆزپاكستانەوە دەچێتە توركیاو دواتر دەچێتە سوریا و لەوێوە بۆ ئەنجامدانی كاری خۆكوژی دێتە سنوری ناحیەی قەرەتەپە ، لە ڕێكەوتی 14/7/2014 بە ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراوەوە لە سنوری ناحیەی قەرەتەپە خۆی دەتەقێنێتەوە و لە ئەنجامی ئەو كارە تیرۆرستیەدا چەندین هاووڵاتی مەدەنی شەهیدو بریندار دەبن.

لە راگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، بەڵام تاوانبار خۆی تەنها بریندار دەبێت، لەو كاتەدا هێزەكانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان دەگەنە سەری و دەستگیری دەكەن و پاش ڕێكارە تەندروستیەكان ڕووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە.

باس لە ئەوەشكراوە، سەرئەنجام ڕۆژی 17/8/2021 لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی دادگای تاوانەكانی كەركوك / گەرمیان بە پێی مادەی 2/3 لە یاسای تیرۆر بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەركرا، ڕەوانەی بەرێوەبەرایەتی چاكسازی گەورانی سلێمانی كرا.

ئاماژە بە ئەوەشكراوە، تاوانبار ناوی (ئازاد بیك زەعفەر بیك ئاویچ شاكر) لە دایكبووی 1989 ە و ڕەگەز ئۆزپەكییەو خەڵكی وڵاتی ئۆزپاكستانە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×