سەرۆک ئەرکانی سوپای بریتانیا: هیچ راپۆرتێکمان لەبارەی رەفتاری نەرێنی تاڵیبان بەدەستنەگەیشتوە
  2021-08-18       459       
سەرۆک ئەرکانی سوپای بریتانیا رایگەیاند، ئەو هێزانەی سوپای وڵاتەکەی کەلەئێستادا لە ئەفغانستان ماونەتەوە لەگەڵ هێزەکانی تاڵیبان هەماهەنگ دەبن, لەماوەی ئەو چەند رۆژەشدا کە بزوتنەوەکە دەسەڵاتی گرتوەتە دەست گۆڕانکاری لەرەفتاریاندا رویداوە و هیچ راپۆرتێکیان لەبارەی رەفتاری نەرێنی تاڵیبان بەدەستنەگەیشتوە.

ئاوێنه‌: ژەنەڕاڵ نیکۆلاس کارتەر، سەرۆک ئەرکانی سوپای بریتانیا بەکەناڵی سکای نیوزی راگەیاندوە، دوای ئەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان  دەسەڵاتی گرتوەتە دەست قۆناغێکی ئارام لەو وڵاتەدا دەبینرێت و هێزەکانیان راپۆرتی نەرێنی رەفتاری بزوتنەوەکەیان بەدەست نەگەیشتوە کە پێشوتر ئەنجامیداون.
 هەنگاوەکانی تاڵیبان لەئێستادا لەلایەن شەقامی ناوخۆیی و هێزەکانی دیکەوە قبوڵکراوە

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەخاکی ئەفغانستاندا لەگەڵ تاڵیبان هەماهەنگ دەبن و هاوکاردەبن لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی کابوڵ و ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە، هەنگاوەکانی تاڵیبانیش لەئێستادا لەلایەن شەقامی ناوخۆیی و هێزەکانی دیکەوە قبوڵکراوە.

سەرۆک ئەرکانی سوپای بریتانیا وتیشی، باوەڕی وایە تاڵیبان لەماوەی 20 ساڵی رابردو گۆڕانکاری زۆر بەسەر رەفتارەکانیدا هاتوە و لەئێستادا رێکخراوەکە نایەوێت هێزێکی گۆشەگیربێت لەئاستی نێودەوڵەتی، هەروەها بەڵێنیان داوە ئەفغانستانێکی نوێ کە دوربێت لەگەندەڵی و بۆهەموان دەبێت بونیاد بنێن.

15ی ئاب چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان چونە نێو کۆشکی کۆماریی ئەفغانستان و دەستیان بەسەردا گرت، هەروەها لەئێستادا تاڵیبان کۆنتڕۆڵی تەواوی خاکی ئەفغانستانی کردوە و رایگەیاندوە، نێردە دیپلۆماسییەکان و سەرکردەکانی پێشوی وڵات دڵنیادەکەینەوە کە هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×