وەزارەتی خوێندنی باڵا: پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵى زانکۆکان لە ناو هۆڵەکانى خوێندن دەبێت
  2021-08-18       304       

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەى زانستى حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ ساڵى نوێى خوێندن و دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن ئامادەکارى پێویستیان ئەنجامداوەو لەو چوارچێوەیەشدا ئەنجومەنى وەزارەتەكە بڕیاریداوە پرۆسەى خوێندنى ساڵى نوێ لە زانکۆکانى کوردستان لەناو هۆڵەکانى خوێندن واتە (ناو کەمپەس) دەبێت، بەمەرجێک بارودۆخى تەندروستى بەرەو خراپى نەچێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەسەرپەرشتى ئارام محەمەد قادر، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت، کۆبونەوەى تەواوکارى ژمارە 6ى ئەنجومەنى وەزارەت بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچو.

لە سەرەتاى کۆبونەوەکەدا سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت ئاماژەى بە پلان و بەرنامەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بەڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ  ساڵى نوێى خوێندن، لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەى بە ئامادەکارییەکان کرد بۆ ساڵى نوێى خوێندن کە پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە (9/1) بەدواوە بەپێى ساڵنامەی زانکۆیی زانکۆکان، بەپلان و بەرنامەی گونجاو دەستپێدەکاتەوە، بەشێوەیەک پرۆسەى خوێندن لەناو هۆڵەکانى خوێندن واتە ناو کەمپەس دەبێت، بەمەرجێک بارودۆخى تەندروستى بەرەو خراپى نەچێت و ڕەچاوکردنى مەرج و ڕێنماییە تەندروستییەکانیش.

هەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە دۆخى دارایى زانکۆکان و پێداویستییەکان کرا بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت جەختى کردەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران کارکراوە بۆ چارەسەرکردنى گرفتە داراییەکانى زانکۆکان و پڕکردنەوەى پێداویستییەکان، بۆ ئەوەى پرۆسەى خوێندن لەهەرێمى کوردستان سەرکەوتو بێت، لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە بۆ پشتگیرى دارایى زانکۆکان و جێبەجێکردنى بەرنامەو پرۆگرامە نێودەوڵەتییەکان و سەرکەوتنى پرۆسەى خوێندن هاوکارى زانکۆکان دەبین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەبارەى هەنگاوە کردارییەکانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانکۆکانى کوردستان، لەلایەن د. محەمەد حسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى لەڕێگەى پریزینتەیشنێک وردەکارى و قۆناغەکانى جێبەجێکردنى ئەم پرۆسەیە لە زانکۆکانى کوردستان خرایەڕو، بەو پێیەى وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سەرەتای دروستبونیەوە جەختی لەگۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی کردوە لە سێکتەری خوێندنی باڵا بەگشتی و پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن و سیستەمی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان بەتایبەتى.

لەبارەى جێبەجێکردنى ئەم پرۆسەیە لە زانکۆکان، ئارام محەمەد قادر ڕایگەیاند: یەکێک لە ئامانجە گرنکەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کابینەی نۆیەم بریتییە لە هەوڵدان بۆ دەربازبون لە سیستەمى خوێندنى کۆن و کلاسیک و بە نێودەوڵەتی کردنی زانکۆکانی کوردستان و بە ستانداردکردنی سیستمی خوێندن و پرۆگرامەکان بە ئامانجی گونجاندن و نزیکبونەوە لە ستانداردی سیستەمی خوێندنی زانکۆ پیشکەوتوەکانی جیهان. وتیشى: بەجێبەجێ کردنى تەواوى ئەم سیستمە زۆرێک لە کێشەکان چارەسەردەکرێت، چونکە دەمانەوێت نەوەی ئێستاو داهاتومان دەرفەتی باشترین و بەرزترین ئاستی خوێندن و فێرکردنیان بۆ برەخسێت.

لە بڕگەیەکى دیکەى کۆبونەوەکەدا داواکارى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ سود وەرگرتن لە توانا زانستى و مرۆییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تاوتوێکراو بڕیاردرا: زانکۆکانى کوردستان بە پەلە لیستى مامۆستایانى زانکۆى بەتوانا و لێهاتو و ئەزمون دەوڵەمەند ئامادە بکەن، بۆ ئەوەى وەک سەرپەرشتیارى ناوەندەکانى هەڵبژاردن و سەرپەرشتى کردنى ئەم پرۆسە گرنگەى دیموکراسى کە هەڵبژاردنە رۆڵیان هەبێت.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا چەند بڕگەو ماددەیەکى تایبەت بە پرۆسەى خوێندن و بوارە کارگێڕى و داراییەکان و خوێندکاران و قوتابیان تاوتوێکران و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×