یەكەم دەركەوتنی ئەشرەف غەنی لەدوای هەڵهاتنی: هیچم لەگەڵ خۆم نەبردۆتە دەرەوە
  2021-08-18       1005       

ئەشرەف غەنی، سەرۆكی ئەفغانستان، ئەمشەو چوارشەممە، لە یەكەم دەركەوتنیدا لە دوای جێهێشتنی وڵات، ئەو هەواڵانەی رەتیكردنەوە كە باس لەوە دەكەن لەگەڵ خۆیدا پارەیەكی زۆری بردۆتە دەرەوەی وڵات. دەشڵێت: لە پەیوەندی و گفتوگۆدام بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە وڵات.

ئاوێنە: ئەشرەف غەنی، لە وتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە رێگەی لاپەڕەی رەسمی خۆیەوە لە فەیسبوك بەشێوەی راستەوخۆ پێشكەشی كرد رایگەیاند"من لە ئیماراتم. بەر لە دەرچونم لە وڵات لەگەڵ تاڵیبان لە پەیوەندیدابوم بۆ ئەوەی لەسەر گواستنەوەی دەسەڵات رێكبكەوین."

وتیشی"تاڵیبان بەڵێنیاندا نەیەنە نێو پایتەخت، بەڵام بەر لە وادەی دیاریكراو لە دەوروبەری كۆشكی سەرۆكایەتیدا بون."

ئەوەشی خستەڕو"پاسەوانەكانم پێیان وتم كودەتا هەیە بۆ لەناوبردنم."

ئەشرەف غەنی دوپاتیكردەوە كە ناچار بوە وڵات جێبهێڵێت و لەبەر بەرگرتن لە رشتنی خوێن وڵاتی جێهێشتوە.

سەرۆكی هەڵهاتوی ئەفغانستان ئەو هەواڵانەیشی رەتكردنەوە كە باسیان لەوە كردبو پارەیەكی زۆر لەگەڵ خۆیدا بۆ دەرەوەی وڵات بردوەو رایگەیاند"بە جلەكانی بەرم و كڵاوەكەم و دەستی بەتاڵەوە هاتمە ئەم وڵاتە. دەرفەتم نەبو نەعلەكانم داكەنم و پێڵاوەكانم بپۆشم. من هیچ شتێكم لەگەڵ خۆم نەهێناوەتە دەرەوە."

هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵە سیاسییەكانی حامد كارازای، سەرۆكی پێشوی ئەفغانستان و عەبدوڵا عەبدوڵا، سەرۆكی لیژنەی ئاشتەوایی وڵات راگەیاندو ئاماژەی بەوەشدا كە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەوانی دیكە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وڵات.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×