لاهور شێخ جەنگی: رێگە بە بڕیاری تاکڕەوانەو لێکترازان نادەین
  2021-08-18       1085       

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی لەبارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی عێراق رایگەیاند، دەبێت چاومان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بێت کە بەهۆی هەندێک کێشەی ناوخۆییەوە لەم هەڵبژاردنەدا مەترسی لەسەر دەنگی کوردو ژمارەی کورسییەکان دروست بوە. لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیش دەڵێت"یەکێتی لە هەمومان گەورەترەو ڕێگە بە بڕیاری تاکڕەوانە و لێکترازان نادەین."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لاهور شێخ جەنگی لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ.

لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتو، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند "پێویستە هەمو لایەنەکان کێشەو ناکۆکییە سیاسییەکان بەلاوە بنێن و کار بۆ یەکدەنگیی کورد بکەن لە بەغدا، لەو روەشەوە باسی لەو هەوڵانە کرد کە حزبەکەی داونی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لە پێناو یەکدەنگیی کوردو بەدیهێنانی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان."

وتیشی"دەبێت چاومان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بێت کە بەهۆی هەندێک کێشەی ناوخۆییەوە لەم هەڵبژاردنەدا مەترسی لەسەر دەنگی کوردو ژمارەی کورسییەکان دروست بوەو پێویستی بە هەوڵ و هەنگاوی جدی و خێرا هەیە."

هاوسەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی کرد و جەختیکردەوە كە "بە ڕێکاری حزبی و بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین، چونکە یەکێتیی لە هەمومان گەورەترە و ڕێگە بە بڕیاری تاکڕەوانە و لێکترازان نادەین."

لە بارەی ئەو تۆمەتانەی لە دوای ڕوداوەکانی 8ـی تەمموز ڕوبەڕوی كراونەتەوە، لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند"یاسا لە سەرو هەمومانەوەیە و ڕێز لە بڕیاری دادگا دەگرین، هەر بۆیە ئەمڕۆ لەگەڵ براکانم چوینەتە دادگای سلێمانی و لە بەردەم دادوەرە بەڕێزەکان ئامادەبوین، دوای ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان و نەبونی هیچ بەڵگەیەک لەسەر تۆمەتبارکردنمان، دادوەری بەڕێز بڕیاریدا بە کەفالەت ئازاد بکرێین."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×