كادیرێكی پارتی لە قەرەهەنجیر لە لایەن هێزێكی دژە تیرۆری یەكێتییەوە كوژرا
  2021-08-19       1448       
درەنگانی شەو هێزێكی ئەمنی بە مەبەستی دەستگیركردنی دوو داواكراو، دەچنە گوندێكی سەر بە شارۆچكەی قەرەهەنجیر، هێزەكە تەقە لە یەكێك لەو ماڵانە دەكات، كە داواكراوێكی تێدابووە، كارگێڕ ناوچەیەكی پارتی لە قەرەهەنجیر دەڵێت هێزەكە كادیرێكی پارتیان كوشتووە.

ئاوێنه‌: میدیای نزیك لە پارتی بڵاویكردەوە: كاژێر 1:15ی شەوی 19-8-2021 هێزێكی دژەتیرۆر دەچنە شارۆچكەی قەرەهەنجیر، سەرەتا سەردانی بنكەی ئاسایشی شارۆچكەكە دەكەن، دواتر بەمەبەستی دەستگیركردنی دوو كەس دەچنە گوندی بارزان. لەوێ كەسێك بەناوی شاهۆ عەزیز دەكوژرێت.

فەیسەڵ غازی، كە خزمی شاهۆ عیزەدینە بە میدیای نزیك لە پارتی راگەیاند: "كاژێر دووی شەو، شاهۆ، كە لە گوندی بارزانی شارۆچكەی قەرەهەنجیر هەندێك مەڕ و ماڵاتی هەیە، خێزانێكی عەرەب مەڕ و ماڵاتەكەی بۆ بەخێودەكەن، هێزێكی دژە تیرۆر بە چوار ئۆتۆمبێل هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكەی بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسە عەرەبە."

فەیسەڵ وتی: "ئەو هێزە تەقەیەكی زۆر لە ماڵەكەی شاهۆ دەكەن، بەو هۆیەوە شاهۆ سێ گوللەی بەردەكەوێت و دەكوژرێت، دوو لە گوللەكان بەر سینگی و گوللەیەكیش بەر قۆڵی كەوتووە".

فەیسەڵ رەتیكردەوە شاهۆ رووبەڕووی ئەو هێزە بووبێتەوە و وتیشی: "ئەو هێزە دوای كوشتنی شاهۆ، بەسەر ماڵێكی دیكەی هەمان گوندیان داداوە و دوو كەسی عەرەبیان دەستگیركردووە و لەگەڵ خۆیانیان بردوون".

شاهۆ عیزەدین، تەمەن 42 ساڵ، باوكی چوار منداڵ بوو، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو. لە گوندی بارزانی سەر بە قەرەهەنجیر خەریكی بەخێوكردنی مەڕوماڵات بوو.

ئاوات محەممەد، كارگێری ناوچەی پارتی لە قەرەهەنجیر ڕیگەیاند:"ئێمە ئەم كارە بە كارێكی تیرۆرستی دەزانین، چونكە بەبێ هیچ حەق و حیسابێك كاكە شاهۆیان كوشت، كە كادرێكی پاك و بێ كێشەی پارتی بووە."

سەبارەت بەو هێزەی شاهۆیان كوشتووە، ئاوات محەممەد وتی: "نازانین چ هێزێك بوو، بەڵام بەگوتەی ئەو كەسانەی بینیویانن دەڵێن دژە تیرۆری سەر بە یەكێتی بوون."

بەپێی زانیارییەكانی رووداو ئەو هێزە بە مەبەستی دەستگیركردنی داواكراوان چوونەتە ئەو گوندە. ئاوات محەممەد دەڵێت: "یەكێك لە داواكراوەكان شوانی شاهۆ بووە، ئەو پێشتر سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردووە و داواكەی لەسەر نەمابوو، بەڵام ئەوان كە هاتوون ئەو كەسە دەستگیر بكەن، بۆچی ئەو كوڕەی ئێمە دەكوژن، كە هیچ تاوانێكی نەبووە".

فاروق گلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەرەهەنجیر وت: "سەرقاڵی لێكۆڵینەوەین لە رووداوەكە، تاوەكو ئیستا ئەنجامەكان بەتەواوی دەرنەكەوتن و بەڵام ئەو كەسەی كوژراوە پەیوەندی بە كێشەكەوە نەبووە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×