"سەدر داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكات و كۆمسیۆنیش سورە لەسەر ئەنجامدانی لەكاتی خۆیدا"
  2021-08-19       503       

سەربەست مستەفا، سەرۆکی پێشوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆمسیۆن ھەمو ئامادەکارییەکی کردوەو سورە لەسەر بەڕێوەچونی ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا. دەشڵێت: سەدرییەكان دو مەرجیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن هەیە كە یەكێكیان دواخستنی هەڵبژاردنەكەیە بۆ مانگی نیسانی ساڵی داهاتو.

ئاوێنە: سەربەست مستەفا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی وت''کۆمسیۆن ھەمو ئامادەکاریی خۆی کردوەو ئامادەیە بۆ ئەوەی لە رۆژی 10/10 ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، بەڵام پرسی دواخستن ھێشتا ئەگەری ھەیە، چونکە یاسای نوێی ھەڵبژاردن ھەندێک کێشەی تێدایە، کێشەی تەکنیکی و کێشەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردن و ھەندێک لایەنیش بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردوە، لەوانە ڕەوتی سەدرو جگە لە ھەندێک حیزبی دیکە وەکو حیزبەکەی ئەیاد عەلاوی و حیزبی ئومەو حیزبی شیوعی."

وتیشی"بۆیە دو بەرە ھەیە، ھەندێک لەگەڵ ھەڵبژاردندان و بەرەیەکیش دژی ھەڵبژاردنن، بەڵام سەدر ئامادەیی نیشان داوە بە دو مەرج بەشداری بکات، ئەوانیش ھەڵبژاردن بۆ مانگی چواری ساڵی داھاتو دوابخرێت و ئەوەی دیکە مەرجەعی شیعەکان بەیاننامەیەک دەربکات و ئیدانەی ئەو ھێزانە بکات لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتن، بۆیە ھەتا مانگێکیش بمینێت ئەگەری دواخستنی ھەڵبژاردن ھەیە."

سەربەست مستەفا وتیشی''ھەمو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن ھەڵبژاردن بکرێت و کۆمسیۆنیش ئامادەیەو دەکرێت لە ڕێگەی لایەنە سیاسییەکان، یاخود کۆمسیۆنەوە ھەڵبژاردن دوابخرێت، بەڵام زۆرینەی دواخستنەکانی ھەڵبژاردن بە بڕیاری سیاسییەو کێشەش نییەو حکومەتی ئێستاش دەتوانێت زیاتر بەردەوام بێت، بەڵام لە کۆتاییدا لایەنە سیاسییەکان بڕیار دەدەن کە حکومەت ھەڵبژاردن دوا بخات، یان کۆمسیۆن خۆی ئەوە بکات، بەڵام تا ئێستا حکومەتیش سورە لەسەر بەڕێوەچونی ھەڵبژاردنەکان.''

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×