رونكردنەوەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەبارەی دۆخی كۆرۆنا: نەگەیشتۆتە هێڵی سور
  2021-08-19       438       

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا سەبارەت بەو دەنگۆیانەی بەناوی ئەوانەوە بڵاوكراونەتەوە كە گوایە هەرێمی كوردستان ئێستا گەیشتۆتە هێڵی سوری لە دۆخی كۆرۆنادا، دەڵێت: بەپێچەوانەوە لەكاتی ئێستادا تاڕادەیەك رێژەی توشبوان نزمبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئاوێنە: د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا وتی"ماوەیەكە هەرێمی كوردستان بە شەپۆڵێكی بەربڵاوی ڤایرۆسی كۆڕۆنادا تێپەڕدەبێت، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی بەناوی ئێمە بڵاوكراوەتەوە كە گوایە هەرێمی كوردستان ئێستا گەیشتۆتە هێڵی سور، بەپێچەوانەوە دەتوانین بڵێین لە كاتی ئێستادا رێژەی توشبوان بە رێڕەوی راستدا دەڕوات و تا رادەیەكیش نزمبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە."

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاندوە كە "بۆ ئەوەی رێژەی توشبوانی رۆژانە زیاتر نزم ببێتەوە پێویستە هاونیشتمانیان پابەندی رێنماییەكان بن و پەلە بكەن لە ناو تۆماركردن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین."

جەختیشی كردۆتەوە كە "تا زیاتر ژمارەی تۆماركراوانی رۆژانە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كەم نەبێتەوە حاڵەتە خراپەكانیش كەم نابێت و رێژەی مردنیش هەر زۆر دەبێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×