لاهور شێخ جەنگی: هەنگاوی زۆرم ناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
  2021-08-19       1505       

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، دەبێت کێشەکانمان بە ڕێگای ئاشتی و برایەتی چارەسەر بکەین و لەو پێناوەشدا هەنگاوی زۆرم ناوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەرگیز لە پەیڕەو و پرۆگرامی حزبەكەم لام نەداوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لاهور شێخ جەنگ،ی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی کرد لە ژمارەیەکی زۆر لە چین و توێژەکانی شاری هەڵەبجە کە سەردانیان کردبو.

لەوتەیەکدا لاهور شێخ جەنگی جەختی کردەوە"یەکێتی بە هۆی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بوەتە موڵکی نەتەوەیەک و هەموان چاویان لەسەریەتی، بۆیە دەبێت کێشەکانمان بە ڕێگای ئاشتی و برایەتی چارەسەر بکەین و لەو پێناوەشدا هەنگاوی زۆرم ناوە و هەرگیز لە پەیڕەو و پرۆگرامی حزبەکەم لام نەداوە."

ئەوەشی خستەڕو"مەترسی گەورە لەسەر هەرێمەکەمانە و لە بەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنوسسازداین،  کادر و ئەندام و لایەنگرەکانیشمان بە هۆی دۆخی ناوخۆی حزبەکەمانەوە لێمان نیگەرانن، بۆیە هیوادارم هەڤاڵانمان لەناو یەکێتیی لەو دۆخە تێبگەن و هەنگاوی جدییان هەبێت بەرەو چارەسەرکردنی برایانەی کێشەکان."

هاوسەرۆكی یەكێتی راشیگەیاند "لەم هەڵبژاردنەدا دەبێت چاومان لە ژمارەی کورسییەکان و دەنگی کورد بێت لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، نابێت ڕێگە بدەین بە هۆی کێشەکانمانەوە دەنگەکانمان لەو ناوچانە لە دەست بچێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×