یەپەگە: فه‌رمانده‌یه‌كمان له‌رۆژئاوای‌ كوردستان شه‌هیدبو
  2021-08-20       660       
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕایگەیاند، فەرماندە ڕێناس ڕۆژ بووەتە ئامانجی فڕۆكەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەرو شه‌هیدبووه‌.

ئاوێنه‌: یەپەگە لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، دوێنێ‌ كاتژمێر ١٤:٠٠، فەرماندە ڕێناس ڕۆژ، بووەتە ئامانجی فڕۆكەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر.

ئاماژەی بەوەیشكردووە، فڕۆكەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر لەسەر ڕێگای حەسەكە قامشلۆ، شەهید ڕێناس ڕۆژیان كردووەتە ‌ ئامانج و شەهیدیان كردووە.

یەپەگە، باسی لەوەش كردووە كه‌ شەهید ڕێناس ڕۆژ، كە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كۆردستان بوو، یەكێك بووە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەربازیی یەپەگە ‌و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە).

یەپەگە وێڕای سەرەخۆشیی لە خانەوادەی شەهید ڕێناس، بەڵێن دوپاتدەكاتەوە كە خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ ناچێت ‌و تۆڵەیان لە داگیركەران دەكەنەوە.

ئەوەیش لە كاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، ناسنامەی چوار شەڕڤانی ئاشکرا کرد کە دوێنێ لە هێرشێکی ئاسمانیی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر ناوەندی ئەنجومەنی سەربازیی تل تەمر، شەهید بوون.

ناسنامەی شەهید

نازناو: ڕێناس ڕۆژ

ناو و پاشناو: سەلاحەدین شەهابی

ناوی دایک و باوک: ئامینە- سەعید

شوێن و کاتی شەهیدبوون: قامشلۆ- ١٩ی ئابی ٢٠٢١

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×