كۆمسیۆن: ئامادەین بۆ هەڵبژاردن لەواده‌ی‌ خۆیدا... ئایا هه‌ڵبژاردن دواده‌خرێت؟
  2021-08-20       457       
وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماده‌یی كۆمسیۆن بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا نیشانده‌دات‌و په‌رله‌مانتارێكی‌ فراكسیۆنی پارتی-یش ده‌ڵێت، ئاماژەكان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ناچێت‌و پێدەچێت دوابخرێت بۆ ساڵی داهاتو.

ئاوێنه‌: جمانە غلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەئاژانسی هەواڵی عیراقی رایگەیاندووە،  كاری كۆمسیۆن هونەری‌و یاسایی‌و ئیدارییە، هەروەها ئاسایشی هەڵبژاردن بۆ كاندیدو دەنگدەر دابین ده‌كات، كۆمسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیداو هەمو ئامادەكارییەكان كۆتاییپێهاتووەو ئێستا لەقۆناغی كۆتایی چاپكردنی كارتەكانی دەنگداندان.

وتیشی‌، هەماهەنگی بەهێزیان لەگەڵ لیژنەی باڵای هەڵبژاردن هەیە كە لێپرسراوە لەدابینكردنی پاراستن‌و ئاسایش‌و سەلامەتی پرۆسەی هەڵبژاردن بەگشتی بەتایبەتیش دەنگدەران‌و فەرمانبەرانی ناو بنكەكانی هەڵبژاردن‌و ناوەندەكانی دەنگدان‌و كۆگاكان.

رۆژی‌ 31ی ته‌مموزی 2020 مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رۆژی 6-6-2020 بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت دیاریكرد، به‌ڵام له‌سه‌ر داواكاری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بۆ 10-10-2021 دواخرا.

لای‌ خۆیه‌وه‌ مەیاد نەجار، ئەندامی په‌رله‌مانی‌ عێراق لەفراكسیۆنی پارتی بۆچونیوایه‌ كه‌ ئەو دۆخە سیاسییە ئاڵۆزەی بەسەر عێراقدا هاتووە، "ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵین كە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەناچێت‌و پێدەچێت دوابخرێت بۆ ساڵی داهاتو، چونكە سەدرییەكان كە بەهێزترین هێزی شیعین لەعێراق كشانەوەی خۆیان لەهەڵبژاردنەكان ڕاگەیاندووە لەگەڵیشیاندا چەندین هێزی دیكە ئامادەی هەڵبژاردن نین."

وتیشی‌، "ئێمە لەهێزە كوردستانییەكان هیچ گرفتیكمان نییە لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا یاخود دواشبخرێت، بەڵام بەمەرجێك هەلومەرجی بەڕێوچونی هەڵبژاردن لەبار بێت‌و هیچ هەوڵێك نەدرێت بۆ ساختەكاریی‌و زۆر ترین هاوڵاتیش بەشداری پرۆسەكە بكات، بۆیە چاودێری هێزە شیعییەكان دەكەین بۆ ئەوەی خۆیان یەكلایی بكەنەوە بەئەنجامدانی هەلبژاردن یاخود دواخستنی بۆ كاتێكی دیكە."

هه‌ر له‌باره‌ی‌ ئه‌گه‌ره‌كانی‌ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ محه‌مه‌د خالیدی، سه‌رۆكی كوتله‌ی به‌یارق خێر له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا  رایگه‌یاند، به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ئێستادا له‌به‌رده‌ستدان، سه‌رۆكی كوتله‌ سیاسییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ بڕوا به‌و لایه‌نانه‌ بكه‌ن كه‌ بایكۆتی هه‌ڵبژاردنیان كردوه‌و له‌بڕیاره‌كه‌یان په‌شیمانیان بكه‌نه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتو.

وتیشی، "ژماره‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی بایكۆتی هه‌ڵبژاردنیان كردوه‌، یه‌كسانه‌ 50%ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018 به‌شداریانكرد، بۆیه‌ به‌ڕێژه‌ی 90٪ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆ مانگی (نیسان/4)ی 2022 دوابخرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×