ئەو كۆچبەرە كوردانەی لە دورگەیەكی یۆنان گیریان خواردبو، رزگاركران
  2021-08-21       507       

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، ئەو 37 كۆچبەرە كوردەی كە لەناوچەیەكی شاخاوی و دور لە ئاوەدانیی لە دورگەی "لارۆس"ی یۆنان لەلایەن قاچاخچییەكانەوە بەجێهێڵرابون، رزگاركران.

ئاوێنە: دەزگای لوتكە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"پاش ئەوەی 37 کۆچبەری کورد لە ناوچەیەکی شاخاوی دور لە ئاوەدانی لە دورگەی لارۆسی وڵاتی یۆنان لەلایەن قاچاخچیەکانەوە بە جێ دەھێڵدرێن، بەرەبەیانی رۆژی ھەینی لەلایەن کەسوکاری یەکێک لەو کۆچبەرانە بە ناوی (ئاسۆ فاتیح) دەزگای لوتکە ئاگادار دەکەنەوە لە دۆخی ئەو کۆچبەرانە، بەوەی کە مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە ماوەی زیاتر لە 35 کاتژمێرە داوای ھاوکاری لە پۆلیسی یۆنان دەکەن."

لەو باریەوە ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە رایگەیاند" پاش ئەوەی ئاگادارکراینەوە لە دۆخی ئەو 37 پەنابەرە کوردە کە لە دورگەی لارۆس بەجێھێڵراون، دەستبەجێ لە رێگەی نوێنەری دەزگای لوتکەو باڵوێزخانەی عێراق لە یۆنان، ھەوڵەکان لەسەر پۆلیسی دەریاوانی یۆنان چڕکرانەوەو خۆشبەختانە توانرا ھاوکاریان پێ بگەینرێت و ڕزگار بکرێن."

سەرۆکی دەزگای لوتکە وتیشی"ئەو کۆچبەرانە پێکھاتبون لە هەشت ژن و چوار منداڵ و 25 پیاو، کە بە داخەوە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە فێڵیان لێ کرابو و بەھۆی ئەوەی چەند رۆژێک لەو شوێنە مابونەوەو بەھۆی کەمی خۆراک و ئاوی خواردنەوە مەترسی کەوتبۆیە سەر ژیانیان، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا رزگار کراون گوازراونەتەوە بۆ دورگەی کۆس و تەندروستیان باشە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×