قوباد تاڵەبانی: كەموكوڕییەكانی حكومەت دەبێت بە كەرتی تایبەت پڕبكرێنەوە
  2021-08-21       369       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، ئێستا بۆمان دەركەوتوە كە حكومەت هەمو شتێكی پێناكرێت، ئەو كەموكوڕیانەی حكومەت هەیەتی دەبێت بە كەرتی تایبەت پڕبكرێنەوە. دەشڵێت، حكومەتی هەرێم كارمەندی زۆرەو توانای بۆ وەرگرتنی دەیان هەزار كارمەندی دیكە كەمە بەڵام لە كەرتی تایبەت ئەو دەرفەتە زۆر زیاترە.

ئاوێنە: ئەو قسانەی قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ شەممە، لە میانی بەشداریكردنیدا هاتن لە ڤیستیڤاڵی "تەكفێست" بۆ كێبڕكێی تەكنەلۆژیا.

لە میانی بە‌شداریکردنی لە پانێڵێکی ڤیستیڤاڵەكەدا، قوباد تاڵە‌بانی وتی "حکومەت، ناوەندەکانی خوێندن و کەرتی تایبەت ئەو سێگۆشەیەن کە دەبێت هاوئاهەنگییەکی باش لەنێوانیادا هەبێت، ئەگەر هاوئاهەنگییەکی باش لەنێوانیاندا هەبێت دەتوانین وڵات بەرەو پێشەوە ببەین."

هەروەها وتیشی: ئیشی حکومەت ئەوەیە سیاسەت دابڕێژێت، کەشێک بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ئەمنیەت هەبێت لەو وڵات، ئابورییەکی بەهێز هەبێت، خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری هەبێت. نەک بە مانای ئەوەی حکومەت دەبێت هەمو ئەمانە دابین بکات.

ئەوەشی خستەڕو"ئێستا لەو سەردەمە بۆمان دەرکەوتوە، کە حکومەت هەمو شتێکی پێناکرێت، ئەو کەموکورتیانەی کە حکومەت هەیەتی دەبێت بە کەرتی تایبەت پڕ بکرێنەوە، بۆ نمونە کە باسی هەلی کار دەکەین ئێمە وەکو حکومەت کارمەندێکی زۆرمان هەیە لەناو حکومەت، ملیۆنێک و 200 هەزار کەس موچە لە حکومەت وەردەگرن، 750 هەزار فەرمانبەرمان هەیە بە مەدەنی و سەربازییەوە، بۆیە توانای حکومەت بۆ وەرگرتنی دەیان هەزار و 20 هەزاری دیکە کەمە، بەڵام لە بازاڕی کار لە کەرتی تایبەت ئەو دەرفەتە زۆر زیاترە."

بەقسەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئەوان هەر لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 860 مۆڵەتی وەبەرهێنانیان داوە بە کۆمپانیاکان، کە بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەو کۆمپانیایانە و ئەو بەرنامانەی کە بە نیازن جێبەجێی بکەن، "48 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت لە کەرتی تایبەت، بەمەش ئەو گوشارەی ئەمڕۆ لەسەر حکومەتە، کەمدەکاتەوە."

وتیشی"ئەگەر ئەو ناهاوسەنگیەی ئێستا لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت هەیە رێکبخرێتەوە، هەندێک ئیمتیاز هەیە لەنێو حکومەت وەکو خانەنشینی، دەبێت لە بازاڕی کار ئەمەیان بۆ جێگیر بکرێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×