وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: لەسەدا 45ی كارەكانی پردی نوێی دەربەندی رانیە تەواوكراوە
  2021-08-21       371       

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لەسەدا 45ی كارەكانی پڕۆژەی پردی نوێی دەربەندی رانیە تەواوکراوەو كاركردنیش لە پڕۆژەكە بەردەوامی هەیە.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەسەدا 45ی كارەكانی پڕۆژەی پردی نوێی دەربەندی رانیە تەواوکراوە."

بەپێی راگەیەندراوەكە "كارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی پردی نوێی دەربەندی رانیە بەردەوامی ھەیەو سەرەڕای رۆژانی پشو و ھەینی کارکردن تیایدا بەردەوامە."

پڕۆژەی پردی دەربەندی رانیە-بنگرد، لە رۆژی 13/10/2020 بەئامادەبونی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەردی بناغەی دانراوە.

درێژییەکەی 420 مەترو بەرزییەكەی 21 مەترو پانییەكەی 15 مەترەو بڕی زیاتر لە 11 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە "یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو ئیدارەی راپەڕین بە سلێمانییەوە دەبەستێتەوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×