حەشدی شەعبی: ئەگەر ئەمەریکاش بکشێتەوە، هیچ مەترسیەک لەسەر هەرێمی کوردستان نییە
  2021-08-21       971       

وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، ڕەتیدەکاتەوە لە حاڵەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا لە عێراق، هەمان سیناریۆی ئەفغانستان دووبارە بێتەوە، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە, هەموو هێز و لایەنەکان بەشدارن لەحکومەت دا، بۆیە دۆخی عێراق جیاوازترە لە ئەفغانستان.

ئاوێنه‌: لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، دەنگۆی بەهێزبوونەوەی داعشی ڕەتکردەوە، ڕایگەیاند: داعش چەکداری کەم بووەتەوە، لە دۆخێکی خراپدان و بەزۆر پارە لەگوندنیشینەکان وەردەگرن، بەناوی زەکاتەوە.

وتەبێژەکەی حەشدی شەعبی، مەترسی دووبارە بوونەوەی سیناریۆی ئەفغانستانی لە عێراق بە ترسێکی ناواقیعی ناوبرد و وتی: حکومەتی عێراق لەکورد و شیعە و سونە پێکهاتووە، کێشە ڕوونادات، هێزەکانی عێراق لەهەموو پێکهاتەکانی تێدایە.

هەروەها، مەترسیەکانی سەر قەوارەی سیاسی هەرێمی ڕەتکردەوە لەحاڵەتی کشانەوەی ئەمەریکادا لە عێراق و دەڵێت: مەترسیەکی واقیعی نییە، ئەم قسانە بۆ دەکرێت تا پەرچەکردار لای هەرێم دروست ببێت، یاخود هەرێم داوای مانەوەی ئەمەریکا بکات و بە نزیکی ئەمەریکا تۆمەتبار بکرێت، عێراق یەک وڵاتە و کورد مافی لەبەغدایە، کێشەی ناوخۆیی هەن، بەڵام کێشەکان بەراورد بەساڵانی ڕابردوو چارەسەر کراون، لەم هەڵبژاردنەدا عێراقیەکان وەڵامی یەکلایی کەرەوەیان دەبێت.

لەبارەی لەشكركێشییەكانی توركیا و دەستێوەردانەكانی ئێران لە عێراق باسی لەوەكرد، بیانووی تورکیا بۆ دەستوەردان لە عێراق پەکەکەیە، بیانووی ئێرانیش ئەمەریکایە و دەڵێت:  بڕیارە لەو کۆنفرانسەدا کە لەبەغدا ئەنجام دەدرێت، هەموو وڵاتان داوەت بکرێن، پەیامی دەستوەرنەدان لەکاروباری عێراق بەگوێی هەموواندا دەدرێت.

لەدوای كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان، زیاتر لە مانگێكە شەڕێكی خوێناوی لە نێوان تاڵیبان و حكومەتی ئەفغانستاندا هەڵگیرساوە، لە ئێستادا تاڵیبان دەستی بەسەر بەشێكی زۆری ئەفغانستان و كابولی پایتەختدا گرتووە و شەڕوو پێكدادانەكانیش بەدەوامن.

پرسی دووبارەبونەوەی سیناریۆكانی كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق، یەكێك لەو پرسانەی خوێندنەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە و چاودێرانی سیاسی بەدووری نازانن هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×