قوباد تاڵەبانی: لە کابینەی نۆیەمدا ٤٨ ھەزار ھەلی کار دەڕەخسێنین
  2021-08-21       303       
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە پڕۆژەی TECHFEST بۆ کێبڕکێی تەکنەلۆجیا رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا ٨٦٠ مۆڵەتی وەبەرھێنان دراوە کە ٤٨ ھەزار ھەلی کار دەڕەخسێنن و پلانی حکومەتیش ئەوەیە ١٠٠ جۆر خزمەتگوزاری بکاتە ئەلەکترۆنی.

قوباد تاڵەبانی، لە میانەی وتارێکیدا لە پڕۆژەی TECHFEST بۆ کێبڕکێی تەکنەلۆجیا کە ئەمڕۆ ٢١ی ئابی ٢٠٢١ لە سلێمانی پێشکەشی کرد، ڕوونیکردەوە پلانی حکومەت ئەوەیە ھەماھەنگی تەواو لەنێوان حکومەت و ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن و کەرتی تایبەتدا دروست بکات و رایگەیاند، بە بەھێزکردنی ھەماھەنگی لەنێوان ئەم سێ کەرتەدا دەتوانین وڵات پێش بخەین و ژێرخانی ئابوری بەھێز بونیات بنێین و ھەلی کاری پێویستیش دروست بکەین.

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، بە دروستکردنی ھەماھەنگی لەنێوان ئەم سێ کەرتەدا لە داھاتوودا لەلایەکەوە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان ئامادەیی زیاتریان دەبێت بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت و لەلایەکی دیکەشەوە بە کارئاسانیکردنی حکومەت بۆ کەرتی تایبەت ئاستی وەبەرھێنان پەرەدەسێنێت و بەمەش ھەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت.

جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەشدا لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیەدا تەنھا لە ماوەی دوو ساڵی رابردووی کابینەی نۆیەمدا مۆڵەتی وەبەرھێنان دراوە بە ٨٦٠ پڕۆژە کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکان ٤٨ ھەزار ھەلی کاری نوێ بۆ گەنجان دروست دەبێت.

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد، بەداخەوە تا ئێستا پاراستنی فەرمانبەر لە کەرتی تایبەت زۆر لاوازە، ھەربۆیە حکومەت تەنھا بە دروستکردنی ھەلی کار ناوەستێت، بەڵکو بە گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەت بەرنامەی ھەیە ھەموو ئەو شایستەیەیانەی فەرمانبەرانی حکومەت لە خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ھەیانە، فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش بگرێتەوە.

لە بەشێکیتری وتەکانیدا جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لە پرۆسەی بە ئەلەکترۆنیکردنی حکومەت کرد و ڕایگەیاند، متمانەی تەواوی بە توانای خۆماڵی و بە تایبەتیش بە گەنجان ھەیە و لە بەشێکی گەورەی پرۆسەی بە ئەلەکترۆنی کردنی حکومەت پشت بە توانای گەنجانی کورد و کۆمپانیای خۆماڵی بەستراوە، لەمەشدا توانیویانە سەرکەوتنی گەورە بەدەست بھێنن.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، کە وەک دەستپێک لە پڕۆسەی بە ئەلەکترۆنیکردنی حکومەت ١٠٠ جۆر خزمەتگوزاری دەستنیشان کراوە کە لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەم خزمەتگوزارییانە بە شێوەی ئەلەکترۆنی پێشکەشی ھاوڵاتیان دەکرێت وبەمەش کارئاسانییەکی گەورە بۆ ھاوڵاتیان دابین دەکرێت لە خێرا راپەڕاندنی کاروبارەکانیان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×