كازمی: گۆڕەپانی عێراق بۆ وەبەرهێنەرانی ژاپۆن كراوەیە
  2021-08-21       211       

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند، گۆڕه‌پانی وڵاتەكەی بۆ وه‌به‌رهێنەرانی ژاپۆنی كراوه‌یه‌ تا له‌بواره‌كانی نه‌وت، وزه‌ و كاره‌با وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.

نوسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئه‌مڕۆ شەممە مسته‌فا كازمی پێشوازی له‌ “توچیمیتسۆ مۆتیجی” وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن و شاندێكی یاوه‌ریكرد.

ئاماژەبەوەشكراوە، هەردوولا گفتوگۆیان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵیه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی كرد.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، له‌و دیداره‌دا مسته‌فا كازمی ڕایگه‌یاند، ئێستا گۆڕه‌پانی عێراق كراوه‌یه‌ بۆ وه‌به‌رهێنانی ژاپۆنی له‌بواره‌ جیاجیاكاندا به‌تایبه‌تی وزه‌، نه‌وت و كاره‌با هەروەها ڕۆڵی ژاپۆنیشی به‌رزنرخاند له‌سه‌ر دۆسیه‌كانی ناوچه‌كه‌.

كازمی ئەوەشی وتووە، ئه‌و پڕۆژانه‌ی ‌ له‌لایه‌ن ژاپۆنه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێن، له‌و ناوچانه‌ ده‌بن كه‌ له‌ ده‌ستی چه‌كدارانی داعش ڕزگاركراون.

سەرۆك وەزیرانی عێراق داواشیكرد، ژاپۆن وه‌ك چاودێر له‌ كۆنگره‌ی به‌غداد بۆ هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌ش ئاماده‌بێت كه‌ بڕیارە ‌كۆتایی ئه‌م مانگه بەڕێوەبچێت.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×