هەسەدە هەڕەشە لە تورکیا دەکات
  2021-08-22       1158       
وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە بۆسەر ڕۆژئاوا ڕایگەیاند، ئەو هێرشانە قبوڵ ناکەن و بەرهەڵستی دەکەن، دەشڵێت هەموو ناوچە داگیرکراوەکان لە عەفرینەوە تا سەرێکانی و گرێ سپی ئازاد دەکەن.

ئاوێنە: لە ڕاگەیەنراوێکدا ئارام هەنا، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە ڕایگەیاند، " لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هێرشی داگیرکاری و چەتەکانی لە دژی هەرێمەکانمان، ئیرادە و پێداگریمان لەسەر بەرخۆدان لە سایەی شەهیدانەوە بەهێزتر دەبێت"."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامانجی ئەو تاوان و هێرشانە ئەوەیە کە ئیرادەی گەلەکەمان هەڵبوەشێتەوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەڵبوەشێتەوە و هەوڵەکانی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) بوەستێنێت."

جەختیشی کردووەتەوە، "هەسەدە لە ڕوی سەربازییەوە ئەو هێرشانە قبوڵ ناکات و بەرهەڵستی دەکات بۆ ئەوەی خواستەکانی خەڵکی ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە جێبەجێ بکات."

وتەبێژی هەسەدە داوای لە ڕای گشتیش کردووە کە باوەڕ بە پڕوپاگەندەی نەکەن کە لەلایەن لایەنەکانی دژبەرەوە بڵاودەکرێتەوە و دەڵێت، "ئامانجی ئەو دەنگۆیانە ئاژاوەیە،"

وتەبێژی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرەخۆشی لە گەل و فەرمانداری گشتیی یەپەگە و یەپەژە دەکەین، هەروەها لەسەر ڕێبازی شەهیدان بەردەوام دەبین و هەموو ناوچە داگیرکراوەکان لە عەفرینەوە تا سەرێکانی و گرێ سپی ئازاد دەکەین."



تورکیا دەستی بە بۆردومانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەسەدە کردووەتەوە و لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی هەینی 20ی ئابی 2021، لە بۆردومانێکدا بۆسەر کۆبوونەوەیەکی فەرماندەکانی هەسەدە نۆ ئەندامیان کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×