ئیسرائیل پێگەی هەندێک لە گروپە فەڵەستینییەکانی لە غەززە بۆردومانکرد
  2021-08-22       527       
شەوی ڕابردوو فڕۆکەکانی ئیسرائیل سێ هێرشی ئاسمانییان بۆسەر گروپە فەڵەستینییەکان لە ناو کامپی نەسیراتی غەززە ئەنجامدا.

فڕۆکەکانی ئیسرائیل ناوچەی عەرینی سەربە “بەرەی مقاوەمەی فەڵەستینی”یان لە ڕۆژئاوای کامپی نەسیراتی کەرتی غەززە بە سێ موشەک بۆردومانکرد و بۆچوونەکان بۆئەوەن، کە بۆردوومانەکە وەڵامدانەوەی برینداربوونی سەربازێکی ئیسرائیلی بووە لە پێکدادانێکدا لەگەڵ فەڵەستینییەکان لە ڕۆژهەڵاتی غەززە.

میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە، هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانییان بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامداوە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو ئاڵۆزییانەی پێشتر لەنێوان خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی و سەربازانی ئیسرائیلدا ڕوویدا و بەهۆیەوە دەیان فەڵەستینی برینداربوون، هەروەها سەربازێکی ئیسرائیلیش بەسەختی برینداربوو.

لەهەمانکاتدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هەڵسەنگاندنیان بۆ تواناکانی هێزەکانیان کردووە بڕیاری زیادکردنی هێزەکانیان لە غەززە داوە.

لەکاتێکی پێشتری دوێنێدا هەزاران فەڵەستینی لە ناوچە سنوورییەكانی غەززە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هێزە ئیسرائیلییەکان تەقەی ڕاستەوخۆیان بەناو خۆپیشاندەراندا کردووە و بەدرێژایی دیواری جیاکەرەوەی غەززەش هێزەکانی ئیسرائیل جێگیرکراون، بەپێی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×