فەرماندەیەكی پێشمەرگە: بەرپرسانی عێراق هێزیان خستوەتە ئامادەباشیەوە، گوایە داعش زیندوبوەتەوە
  2021-08-22       1268       

فەرماندەی میحوەری کەرکوک/ پردێی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسانی عێراق هێزیان خستوەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، گوایە ترسیان لە هێرشی داعش هەیە، لەکاتێکدا مەترسی ئەو ڕێکخراوە بەو شێوەیە گەورە نییە لەسەر عێراق.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا، لیوا موحەمەد ڕێگر دەڵێت "بەرپرسانی عێراق دەترسن، هێزیان خستوەتە ئامادەباشییەوە و چەک و تەقەمەنی دابەش دەکەن، گوایە داعش زیندوبوەتەوە، لەکاتێکدا داعش هەر هەبوەو مەترسییەکەش بەو جۆرە گەورە نییە."

جەختیشیکردەوە"ساڵی 2017 کاتێک عەبادی کۆتایی هاتنی داعشی راگەیاند، دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر، ئەو ڕێکخراوە جوڵەی دەستپێکردەوە لەهەمو عێراقدا."

لیوا موحەمەد بەدوریشی نەزانی داعش سود لە "بێ سەروبەری" عێراق وەربگرێت و بۆشاییە ئەمنیەکان بقۆزێتەوە، بەتایبەت نەبونی هەماهەنگی عێراق لەگەڵ پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکانی هەرێم، وتیشی"داعش ناوبەناو بێدەنگ دەبێت، بەڵام لە پڕ جوڵە دەستپێدەکاتەوە، ئەوان هەر هەبون."

دەربارەی ئەوەی گەر مەترسی نییە، هۆکاری چییە بەرپرسانی عێراق کەوتونەتە جموجۆڵ، فەرماندەکەی پێشمەرگە وتی"بەو شێوە نییە، داعش توانای نییە، تەنانەت گوندێکیش کۆنترۆڵ بکات."

بێبایەخ کردنی جوڵەکانی داعش لەلایەن ئەم فەرماندەیەی پێشمەرگەوە لەکاتێکدایە، بەشێکی تر لە فەرماندەکانی پێشمەرگە، داعش بەمەترسی دەزانن، ئاماژە بەوەدەکەن لەشەواندا، زۆربەی گوندەکانیان لە ژێر کۆنترۆڵدایە، لەو بارەیەوە لیوا موحەمەد وتی"زۆربەی گوندەکان چەکداری حەشد و حەشدی سونی و عەشایەرین، ئیتر گوندەکان چۆن لە شەواندا دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی داعش، راستە بونیان هەیە، ڕەنگە زیاتریش بن، بەڵام ڕەنگە کاتی خۆ دەرخستنیان لە ئێستادا گونجاو نەبێت."

وتیشی"مەترسییان لەسەر یەک شار نییە، نازانم لە شوێنێکەوە کردەیەکی خۆ کوژی یان شتێک بکەن، بەڵام لەمکاتەدا توانای گرتنی گوندێکیشیان نییە."

دەربارەی خۆ ئامادەکردنی داعش بۆ سود وەرگرتن لە دۆخی ناسەقامگیری عێراق و ململانێی نێوان لایەنەکان، فەرماندەکەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد، داعش کاتێک موسڵی کۆنترۆڵکرد، بە 300 چەکدارەوە ئەو کارەی کرد، دواتر ناوچەو پارێزگاکانی تری عێراقیان گرت، چونکە خەڵک وەکو ڕاپەڕین هەستاو پشتگیری کردن، بەڵام وردە وردە خەڵک پێش چاوی ڕونبویەوەو گەڕانەوە سەر ئیش و کاری خۆیان و وتیشی"خەڵک دوای قەرەباڵغی کەوتبو، چەکداری داعشیان بینی، شوێنیان کەوتن، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە."

لەکۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا موحەمەد ڕێگر فەرماندەی میحوەری کەرکوک/ پردێی پێشمەرگە، بێ ئاگایی خۆی لەروداوەکانی شەوی ڕابردوی هەولێر نیشاندا، گوایە درۆن هاتوەتە سەر هەولێرو کونسوڵخانەی ئەمەریکا زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێداوە، وتی"ئاگامان لە ناو شار و ئاسمانی هەولێر نەبوە، ئێمە لە سەنگەرەکان بوین و سەنگەرەکانمان پاراستوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×