وەزیری كارەبای هەرێم: ئێستا رۆژانە 16 سەعات كارەبا دەدرێت
  2021-08-22       452       

وەزیری کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت سودی زۆرە بۆ ھاوڵاتییان و سەعاتەکانی کارەبا زیاد دەکات دەشڵێت"ئێستا رۆژانە 16 سەعات کارەبا دەدرێت و پلان ھەیە زیاتر بکرێت و ھەر ئەمڕۆ سەعاتێک زیاتر دەبێت.''

ئاوێنە: کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی رەسمی پارتی لەبارەی وادەی پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبەت وتی"لە 4/5ەوە پڕۆژەی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت دراوە بە ئەنجومەنی وەزیران و ھەر ژمارەیەک بوترێت ڕەنگە دروست نەبێت و نامانەوێت شتی ناڕاست بڵاو بکرێتەوە و لە ئەنجومەنی وەزیران تیمێکی ڕاوێژکاری کاری لەسەر دەکات و ئێستا ئەوان زیاتر پێوەی گرێ دراون، بەڵام بڕیار دراوە کە بدرێتە کەرتی تایبەت، ئەمەش لەبەر ئەوەی بابەتێکی ھەستیارە و ساڵێک و دو مانگە ئەو پڕۆژەیە کاری لەسەر دەکرێت."

کەمال محەمەد وتیشی"سودەکانی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت ئەوەیە کە ئەو کارەبایەی ون دەبێت دەگەڕێتەوە و بۆ ھاوڵاتییان دەبێت، ئەمەش سەعاتی کارەبا زیاد دەکات و سەعاتەکانی موەلیدەش کەم دەبێتەوەو چەندین کارمەندی ئێمە کە 70%ی لەگەڵ ئەوان کار دەکەن موچەکەیان کەرتی تایبەت دەیدات، بۆیە لە قازانجی ھەموانە و گرنگ ئەوەیە لە خزمەت ھاوڵاتییاندایە."

کەمال محەمەد باسی لەوەش کرد: "سەرکەوتنی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت لە پێوەری زیرەکدایە، چونکە لە شوێنێکی وامان داناوە ئاسان نەبێت زیادەڕۆیی لەسەر بکرێت و پێشتر لە بۆردی ماڵان سەرپێچی دەکرا و ئێستا زەحمەتە سەرپێچی بکرێت، بۆیە سەرکەوتنی کەرتی تایبەت لە پێوەری زیرەکە و تا پێنجشەممەی ڕابردو 827 ھەزار پێوەر گرێ دراوە و خۆی یەک ملیۆن و 500 ھەزارە و ڕەنگە تا مانگی دو تەواو بێت."

سەبارەت بە دۆخی كارەباش وتی"لە 15/6 دۆخی کارەبا ھەندێک تێکچو لەبەر ئەوەی کۆمپانیا پێنج وەحدەی ڕاگرت و باسیان لەوە کرد پێویستیان بە سییانە ھەیە و دوای ئەوەی ئەو کارە کرا، سەرۆکی حکومەت 40 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج کردن، لە ئەنجامدا دو وەحدە گەڕانەوە و ئەمڕۆ سێیەم دەگەڕێتەوە و دۆخی کارەبا باشتر دەبێت."

بەپێی قسەی وەزیری کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان "ئێستا رۆژانە 16 سەعات کارەبا دەدرێت و پلان ھەیە زیاتر بکرێت و ھەر ئەمڕۆ سەعاتێک زیاتر دەبێت.''

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×