بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، دەبێت هەمو هەنگاوێکی رێكخستنەوەو یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بە ئاڕاستەی بونیادنانی ھێزێک بێت کە لەئاست بەھێزی قەوارەی ھەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بێت و جەختیش دەكاتەوە كە "بۆ ئەوەش یەکێتی ھەمو کارئاسانی و ئامادەکارییەکی دەربڕیوە."
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سویک، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی سەربازی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا و جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی دەزگای ھەواڵگری پێشمەرگە و ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی هەرێمی کوردستان ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەی پێشھات و پەرەسەندنە سیاسی، سەربازییەکان و ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و فراوانکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگییەکان بۆ روبەڕوبونەوەی پاشماوەکانی داعش کرا.
بافڵ تاڵەبانی گرنگی پتەوکردنی ھەماھەنگی سەربازی نێوان ھەردولای بەتایبەت لەبواری پڕچەککردن و راھێنان و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان بەپێویست زانی لەچوارچێوەی ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئارامی و ئاسایش لەناوچەکە.
هاوسەرۆكی یەكێتی سوپاسی ھێزەکانی ئەڵمانیای کرد کە ھاوکار و پشتیوانی بەردەوامی ھێزی پێشمەرگە بون و داوایکرد ھاوکاری و ھاریکارییەکانیان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە فراوانتر بکەن و پشتیوانی لەسەرخستنی ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بکەن.
لەو روەشەوە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە پێویستی رێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان کرد لەسەر بنەمای زانستی سەربازی سەردەم و رونیکردەوە، دەبێت هەمو هەنگاوێک بە ئاڕاستەی بونیادنانی ھێزێک بنرێت کە لەئاست بەھێزی قەوارەی ھەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بێت. بۆ ئەوەش یەکێتی ھەمو کارئاسانی و ئامادەکارییەکی دەربڕیوە.
لەبارەی بۆشایی ئەمنی لەچەند ناوچەیەکی عێراق و جموجوڵی پاشماوەکانی داعش، ھاوسەرۆک روانینە ئەمنییەکانی بۆ وەفدی میوان خستەڕو و دوپاتی لەھەماھەنگی زیاتر لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان کردەوە بۆ بەرقەراکردنی ئاسایشی ئەو سنورانە و روبەڕوبونەوەی ھەر پیلانێک ئارامی عێراق و ھەرێم تێکبدات و رایگەیاند، لەماوەی رابردو شکستپێھێنانی چەندین پیلانی تیرۆریستانی داعش بۆ تێکدانی ئارامی ھەرێم لەلایەن ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و دژەتیرۆرەوە ئەوەمان پێدەڵێت هێشتا مەترسییەکان ماون و پێویستە هەمومان پێکەوە روبەڕوی ببینەوە.