لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی هێرشەكەی ئەمڕۆی توركیا لە قامیشلۆ
  2021-08-22       974       

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بارەی هێرشەكە ئەمڕۆ یەكشەممەی فڕۆكەیەكی توركیا لە قامیشلۆ كە تێیدا ئۆتۆمبێلێكی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری كردە ئامانج، دەڵێت: نیگەرانن لە زیادبونی چالاكییە سەربازییەكان لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا.

ئاوێنە: وتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەت بە هێرشی ئەمڕۆ یەکشەممەی فڕۆکەی تورکیا بۆسەر ئۆتۆمبێلێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بە روداوی راگەیاند "ویلایەتە یەکگرتوەکان زۆر نیگەرانە لە راپۆرتەکانی تایبەت بە زیادبونی چالاکییە سەربازییەکان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا."

لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەی وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتوە، "ئێمە پاڵپشتی لە هێشتنەوەی هێڵەکانی ئاگربەستی ئێستا دەکەین و هانی تەواوی لایەنەکانیش دەدەین دۆخەکە هێوربکەنەوە."

ئەمڕۆ یەکشەممە 22-08-2021 فڕۆکەیەکی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لە گەڕەکی هیمۆ لە رۆژئاوای شاری قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە سێ کەس برینداربون کە برینی یەکێکیان سەختە.

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی تورکیای کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی روسیا بە بەرپرس دەزانێت لەوەی تورکیا ئەو هێرشانە دەکات، داواشی لە حکومەتی روسیا و هێزەکانی لە سوریا کرد، سەرکۆنەی ئەو هێرشانە بکەن و سنورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانەی تورکیا دابنێن.

ئەنجومەنی سوریای دیموكرات وتیشی"ئەو هێرشانە ئاماژەیەکی مەترسیدارن و نیازی تورکیا دەردەخەن لە بڵاوکردنەوەی پشێوییەکی گەورە لە ناوچەکەدا"، بۆیە داوای لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەڵەتی، لە سەرویانەوە ئەمریکا، کرد هەڵوێستی هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×