تاڵیبان فەرمانیکرد بە کۆنترۆڵکردنی ویلایەتی “پێنج شێر”
  2021-08-23       1252       
دوای نائومێد بوون لە گفتوگۆکانی نێوان ئەحمەد مەسعود، سەرۆکی ئەو هێزەی ویلایەتی “پێنج شێر”ی بەدەستەوەیە، لەگەڵ تاڵیبان، سەرکردایەتی تاڵیبان فەرمانیکردووە بە کۆنترۆڵکردنی ویلایەتەکە.

ئاوێنە: ئەحمەد مەسعود، کوڕی سەرکردەی ئەفغانی ئەحمەد شا مەسعودە و ئێستا جگە لە هێزەکەی خۆی بەشێک لە ئەندامانی سوپای ئەفغانستانیشی لەگەڵە.

ئەحمەد مەسعود، هۆشداریداوە، ئەگەر تاڵیبان ڕێگەی سەربازی هەڵبژێرێت ئەوا ئەفغانستان دەکەوێتەوە جەنگێکی ناوخۆی وەک 90 کانی سەدەی ڕابردوو.

ویلایەتی “پێنج شێر” دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای کابولی پایتەخت و تەنها ویلایەتە کە لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنترۆڵ نەکراوە.

ویلایەتەکەی ئەحمەد مەسعود، شاخاوییە و بە سەختی دەتوانرێت ڕێگاکانی ببڕدرێت، لەگەڵ ئەوەش “پێنج شێر” بە سمبولی بەرگری ناسراوە لە ئەفغانستان، چونکە ئەحمەد شا مەسعودی باوک بەرامبەر هێزی یەکێتی سۆڤیەت و دواتر تاڵیبان بەرگری لە ویلایەتە کردبوو.

ئەحمەد مەسعود پێشتر بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، “تاڵیبان دەبێت لەوە تێبگات تاکە ڕێگەی چارەسەر گفتوگۆیە و ئێمە نامانەوێت ئەفغانستان بخەینە ناو جەنگێکی دیکەوە.

هاوکات ئەو سەرکردە ئەفغانییە هۆشداری دابوو، ئەگەر تاڵیبان هێرشبکات، ئەوا ڕوبەڕوی هێزەکەی دەبێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×