سوپای تورکیا سنوری حەسەکە تۆپباران دەکات
  2021-08-23       247       
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە سوپای تورکیا و گروپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە ئەنقەرە پشتیوانییان دەکات گوندی مەئهولەیان لەباکوری پارێزگای حەسەکە تۆپباران کرد و تۆپبارانەکەش سەرەڕای بونی زیانی مادی، ترس و دڵەڕاوکێی لەناو دانیشتوانی گوندەکەدا درستکردوە.

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی باکور (NPA) بڵاویکردەوە، بەدرێژایی شەوی رابردو و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا و گروپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە ئەنقەرە پشتیوانییان دەکات چەندینجار پێگەکانی ئەنجومەنی سەربازی تل تەمریان تۆپباران کردوە، هەروەها سنوری چەندین گوندیان لەباکوری پارێزگای حەسەکە بەئامانج گرتوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، تائێستا ئاماری وردی زیانەکان نەزانراون، بەڵام بۆردومانەکە سەرەڕای بونی زیانی مادی، ترس و دڵەڕاوکێی لەناو دانیشتوانی گوندەکەدا درستکردوە.

دوێنێش ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) رایگەیاند، تورکیا هێرشەکانی بۆسەر گەلانی باکوری سوریا دەستپێکردوەتەوە، ئەو گەلانەی "کە روبەڕوی تیرۆر و ستەم بونەتەوە"، بۆیە داوا لە روسیا و ئەمریکا دەکەن ئەرکی خۆیان بۆ راگرتنی هێرشەکان و پاراستنی رێککەوتنی ئاگربەست جێبەجێ بکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ فڕۆکەیەکی تورکیا ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی هیمۆ لە رۆژئاوای شاری قامشلۆ دەکاتە ئامانج، لە بۆردومانەکەدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکروزەر کرایە ئامانج، کە ئۆتۆمبێلی ستافی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە لە رۆژئاڤای کوردستان.

چەند رۆژێک پێش ئێستاش لەسەر رێگەی عەلی فرۆ، ئۆتۆمبێلێکی دیکە کرایە ئامانج و لەو هێرشەدا کەسێک بریندرابو یەکێکی دیکەش گیانی لەدەستدا، ئەو کەسەش فەرماندەیەکی یەکینەکانی پاراستنی گەل -یەپەگە- بو بە ناوی سەلاحەدین شابی کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بو.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×