پۆلیسی سلێمانی چوار تۆمه‌تباری ده‌ستگیركرد
  2021-08-23       300       

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویكرده‌وه‌، لە دوو چالاكیی جیاوازدا، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی سەیدسادق - بنكەی پۆلیسی حەسار، چوار تۆمەتباریان دەستگیر كردووه‌.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23-8-2021، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕاگه‌یاندراوێكی له‌ په‌یجی فه‌رمیی خۆی، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك بڵاو كرده‌وه‌و نوسیوێتی، هاوڵاتییەك لە بەشی پۆلیسی سەیدسادق سكاڵای تۆمار كرد، كە فەیسبووكەكەی هاك كراوەو لەژێر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی تایبەتییەكانی ناو فەیسبووكەكەی بە چەند جارێك چوار هەزار دۆلاری لێ سەندراوە، دوای لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیر بكرێت، لە كاتی دەستگیركردنیشدا دانی بەوەدا نا، كە كەسێكی دیكه‌ هاوكاریەتی، بۆیە لە ماوەیەكی كورتدا توانرا تۆمەتباری دووەمیش دەستگیر بكرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ئێستا هەردوو تۆمەتبار "هـ، أ" و "هـ، ح" بە بڕیاری دادوەر و، بەپێی ماددەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكردووه‌، لە چالاكییەكی دیكه‌شدا، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی حەساری سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادق، توانییان دوو تۆمەتباری ئافره‌ت دەستگیر بكەن، كە چووبوونە ناو ماڵێكەوەو، ویستبوویان دزی بكەن، ئێستاش هەردوو تۆمەتباره‌كه‌ بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی ده‌ستگیركراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×