تورکیا ئۆپراسیۆنی ئاسمانی لە هەرێم دەستپێکرد
  2021-08-24       1510       
وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، بە بەشداری 20 فڕۆکە ئۆپراسیۆنی ئاسمانیان لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد و 28 ئامانجیان لە چیای ئاسۆس کردوەتە ئامانج.

ئاوێنه‌: بەپێی میدیای فەرمی تورکیا، وەزارەتی بەرگری وڵاتەکە بڵاویکردەوە، "هێزەکانمان بەردەوامن لەسەر ئۆپراسیۆنەکانیان و هێزەکانمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیدا، 28 ئامانجمان لە چیای ئاسۆس لە هەرێمی کوردستان کردوەتە ئامانج".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئامانجەکان لە قوڵایی 200 کیلۆمەتردا کراونەتە ئامانج، کە لەلایەن گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەکارهێنراون.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا، لە هەڵمەتە ئاسمانییەکەدا زیاتر لە 20 فڕۆکە بەشداربون، 28 ئامانجیان کردوەتە ئامانج، کە بنکە و پارەگای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن.

بەیانی ئەمڕۆ زانا ره‌حمان، توركیا له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ بۆردومانی گونده‌كانی ئۆمه‌ره‌سێنان، بناویان، ساڵیاوا، وریاوا، كانی میرانی كرد، ئێستاش له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌رزی كشتوكاڵه‌ و جوتیارێكی زۆر له‌ناو گوند و ره‌ز و باخه‌كانیاندان، بۆیه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ریان دروستكردوه‌، به‌جۆرێك هه‌ندێك له‌ بۆردومانه‌كان ته‌نها 100 مه‌تر له‌هاوڵاتیانه‌وه‌ دوربون.

هاوكات بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆکەکانی تورکیا "بە چڕی" سنوری قەزای شارباژێڕیان لەپارێزگای سلێمانی بۆردومان کرد و وەزارەتی بەرگری تورکیاش بڵاویکردەوە، "28 ئامانجییان لە شارباژێڕ بە درێژایی زنجیرە چیای ئاسۆس کردووەتە ئامانج و ئەم پرۆسەیەش بەبێ وەستان بەردەوام دەبێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×