مەسرور بارزانی: لەهەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
  2021-08-25       296       

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵڕۆژی 33 ساڵەی ئەنفالی بادینان پەیامێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت "لەهەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."

 

ئاوێنە: دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان:

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان

لە سی و سێیەمین ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا، بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دەکەینەوە، کە لە دوا قۆناغی شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا، ڕژێمی بەعسی عێراق، پرۆسەی ئەنفالکردنی دەڤەری بادینانی دەست پێکرد و لە ئەنجامدا، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی لە پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە، شەهید و بێسەروشوێن کرد، سەدان گوندی وێران و دەیان هەزار کەسیشی ئاوارە و دەربەدەر کرد.
لەم یادە خەمناکەدا، جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە، کە پێویستە حکومەتی عێراق، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال بکاتەوە، لە هەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبین بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دووپات دەکاتەوە.
دروود بۆ گیانی پاکی قوربانییانی جینۆسایدی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×