مەسعود بارزانی: پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی ئەو تاوان‌و زوڵمانە بكات كە دەرهەق میللەتەكەمان كراوە
  2021-08-25       597       

مەسعود بارزانی، سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان بەبۆنەی ساڵڕۆژی 33 ساڵەی ئەنفالی بادینان پەیامێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت "پێویستیشە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و ئەو تاوان و زوڵمانە بكات كە دەرهەق میللەتەكەمان كراوە".

 

ئاوێنە: دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی:


بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سی و سێ ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی پێشووی عێراق لە تاوانێكی تر و لە دوایین قۆناغی پڕۆسەی ئەنفالدا پاش بۆردومان و كیمیابارانكردنی زۆربەی زۆری دەڤەری بادینان، خەڵكی ئەو ناوچانە و پێكهاتەكانی ڕووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێن كردن و ڕاگواستن كردەوە. لە و تاوانەدا حكوومەتی عێراقی سەدان هەزار هێزی پڕچەكی لەدژی دانیشتوانی بێتاوانی بادینان بەكار هێنا.

ئەم تاوانە درێژكراوەی ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانە بوو كە لە سەدەی ڕابردوو دژی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە بارزان و گەرمیان و هەڵەبجە و تەواوی كوردستان بەڕێوەچوو.

دوژمنانی گەلی كوردستان بەبەرچاوی هەموو جیهان پێشكەوتووترین چەك و قێزەوەنترین سیاسەتیان بۆ قڕكردن و لەناوبردنی گەلی كوردستان. بەكار هێنا بەڵام گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و قەزییەكی ڕەوا بوو و لەبەرانبەر ئەم جینۆساید و كۆمەڵكوژی خۆی بەدەستەوەنەدا و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون كە كەوتنە زبڵدانی مێژوو. ئەمە وانەیەكی پڕمانایە هەم بۆ ڕۆڵەكانی گەلەكەمان و هەمیش بۆ نەیاران و ناحەزانی گەلی كوردستان.

لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەنێرین و پێداگری لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەمان دەكەینەوە. پێویستیشە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و ئەو تاوان و زوڵمانە بكات كە دەرهەق میللەتەكەمان كراوە.
مسعود بارزانی
٢٥ـی ئابی ٢٠٢١


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×