قوباد تاڵەبانی: دەبێت هەنگاوەکانی چاکسازیی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا جێبەجێ بکرێن
  2021-08-25       1789       

قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند "دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە بە یەک ئاڕاستەی نیشتمانی کار بکات و هەنگاوەکانی چاکسازییش جێبەجێ بکرێن لەپێناو  رێکخستنەوەی باشتری هێزەکان".

ئاوێنە: نوسینگه‌ی  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند "ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25ی ئابی 2021، قوباد تاڵەبانی لەهەولێر، بە ئامادەبوونی وەزیری کاروباری پێشمەرگە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بە چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ستایشی هێزی هاوپەیمانان کرا کە هاوکار و هەماهەنگ بوون لە پرسی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە. دواتر وەزیری پێشمەرگە باسی لە هەنگاوەکانی چاکسازییەکان کرد کە گەیشتوونەتە چ ئاستێک و پێویستییەکانی قۆناغی داهاتوو بۆ جێبەجێ کردنی هەموو ئەو هێڵانەی کە دیاری کراون بۆ چاکسازی لە وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگە".

راشیگه‌یاندوە "قوباد تاڵەبانی، جەختی له‌وه‌ کردوەته‌وه‌ کە دەبێت بەردەوامی بدرێت بە چاکسازییەکان لەسەر بنەمای ئەو پلان و هەنگاوانەی کە بە‌ھاوبە‌شی لە‌گە‌ڵ هێزی هاوپەیمانان دیارییان کردووە. دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە بە یەک ئاڕاستەی نیشتمانی کار بکات و هەنگاوەکانی چاکسازییش جێبەجێ بکرێن لەپێناو رێکخستنەوەی باشتری هێزەکان. بە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەشی راگەیاندوە راستە هەنگاوەکانی چاکسازی ئاسان نین، بەڵام دەبێت بکرێن و ببینە خاوەن هێزێکی رێکخراوتر و ئێمەش لە‌ سە‌رۆكایە‌تی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران هاوکارتانین لە پێناو سەرخستنی پلانەکانتان".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×