جارێكی‌ دیكه‌ وەزیری سامانە سروشتییەکان به‌ڵێنی‌ هاتنی‌ به‌نزینه‌كه‌ی‌ به‌غدا ده‌دات
  2021-08-25       555       
کەمال ئەتروشی
جارێكی‌ دیكه‌ وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان به‌ڵێنی‌ هاتنی‌ یەک ملیۆن لیتر بەنزین له‌به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌دات‌و ده‌ڵێت، ئەمشەو پرۆسەی ناردنەکە دەستپێدەکات.

ئاوێنه‌: کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکان به‌میدیاكانی‌ پارتی‌  راگەیاندووه‌، بەفەرمانی وەزیری نەوتی عێراق، لەئەمشەوەوە پرۆسەی ناردنی بڕی یەک ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات‌و بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەری دابەشکردنی سوتەمەنی کەرکوک راسپێردراوە.
 
ناوبراو ده‌ڵێت، "بەنزینەکە بەتانکەر لەکەرکوکەوە دەنێردرێتە هەرێمی کوردستان‌و بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشدەکرێت".
 
وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووه‌، فەرمانی ناردنی یەک ملیۆن لیتر بەنزین رۆژانە بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، رۆژی 21-08-2021 دەرچووە، بەڵام لەئەمڕۆوە جێبەجێدەکرێت و وتیشی، "وەزیری نەوتی عێراق پەیوەندی پێوەکردووم و پێیوتوم بەڵێنەکەم بەجێگەیاند".

پێشتر وەزیری سامانە سروشتییەکان رایگەیاندبو كه‌ لە 23ی ئابەوە رۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزین لەبەغداوە دێت، "ئەمەش وادەکات کوالێتیی بەنزینەکەمان باش ببێت‌و نرخەکەشی دەبێت بە 650 دینار بەکوالێتییەکی باش‌و لەهەموو کوردستان بەو نرخە دەبێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×