نوێترین ئاماری تەقینەوەكانی كابوڵ: زیاتر لە 100 كەس كوژراون
  2021-08-27       524       

بەگوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ تاوەكو ئێستا ژمارەی كوژراوانی دو تەقینەوە خۆكوژییەكەی دوێنێی فڕۆكەخانەی كابوڵ گەیشتۆتە زیاتر لە 100 كەس كە لەنێویاندا 13 سەربازی ئەمریكی هەن.

ئاوێنە: ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس، ئەمڕۆ هەینی، لە زاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكی و ئەفغانییەوە بڵاویكردۆتەوە، لە تەقینەوەكاندا لانیكەم 95 ئەفغانی و 13 سەربازی ئەمریكی كوژراون.

یەكێك لەو بەرپرسانە وتوشیەتی، ژمارەی راستەقینەی كوژراون رەنگە زیاتر بێت، چونكە خەڵكی دیكەش تەرمییان لە شوێنی روداوەكە گواستۆتەوە.

دوێنێ بە خوێناویترین رۆژ بۆ هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان دەژمێردرێت، ئەوەش لەدوای مانگی 8ی 2011ەوە.

هەر دوێنێ ویلایەتی خۆراسانی رێكخراوی داعش، بەرپرسیارێتی تەقینەوەكانی لە ئەستۆ گرت.

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا شەوی رابردو لە وتەیەكدا سەبارەت بە تەقینەوەكان وتی"لێیان نابورین و لەبیری ناكەین. ئێوە لە هەر كوێ بن شوێنپێتان هەڵدەگرین تا بە سزای كردەوەكانتان دەگەیەنین."

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس، لەدوای تەقینەوە خوێناوییەكانی دوێنێ، ئەمڕۆ هەینی بەشێوەیەكی خێرا، گەشتەكانی گواستنەوەی بیانییەكان و ئەو ئەفغانیانەی لەگەڵ ئەمریكییەكان كاریان كردوە، دەستی پێكردۆتەوە.

بەپێی رێككەوتنی نێوان ئەمریكاو تاڵیبان، دەبێت هێزەكانی ئەمریكاو هێزە بیانییەكانی دیكە تاوەكو رۆژی سێشەممە 31ی ئاب 2021 بەتەواوی ئەفغانستان جێبهێڵن.

تاڵیبان سورە لەسەر ئەو دوا وادەیە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاو هێزەكانی ناتۆ لە ئەفغانستان.

دوێنێ پێنجشەممە، ئەمریكا رایگەیاندبو كە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار كەس كەسیان بە سەلامەتی لە كابوڵەوە گواستۆتەوە.

جەنەرال فرانك ماكێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا كە سەرپەرشتی پڕۆسەی گواستنەوە دەكات، رایگەیاندبو كە نزیكەی پێنج هەزار كەس لە فڕۆكەخانەی كابوڵ چاوەڕێی گەشتن بۆ جێهێشتنی ئەفغانستان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×