ئەردۆغان: توركیا یەكەم كۆبونەوەی لەگەڵ تاڵیبان لە كابوڵ ئەنجام داوە
  2021-08-27       739       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا ئاشكرایكرد، وڵاتەكەی یەكەم كۆبونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان لە كابوڵی پایتەخی ئەفغانستان ئەنجامداوە. دەشڵێت: تاڵیبان پێشنیارییان كردوە ئێمە ئیدارەی فڕۆكەخانەی كابوڵ بەڕێوەبەرین و ئەوانیش لایەنی ئەمنی فڕۆكەخانەكە.

ئاوێنە: ئەو قسانەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ هەینی، لەمیانی لێدوانێكدا هاتن بۆ رۆژنامەنوسان بەر لە جێهێشتنی فڕۆكەخانەی ئەتاتورك لە ئیستانبوڵ بەرەو بۆسنەو هەرزەگۆڤین.
ئەردۆغان جەختی كردەوە كە توركیا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبان، مۆڵەت لە هیچ كەسێك وەرناگرێت.

ئەوەشی خستەڕو، لە ئێستادا باڵیۆزخانەی توركیایان گواستۆتەوە بۆ بەشی سەربازیی فڕۆكەخانەی كابوڵ و كونسوڵخانەكەیان لەوێوە چالاكییەكانی ئەنجام دەدات.

سەرۆك كۆماری توركیا، ئاشكرایكرد، كە وڵاتەكەی یەكەم دیداری لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان لە كابوڵ ئەنجامداوەو كۆبونەوەكەش سێ سەعات و نیوی خایاندوەو وتیشی"دەرفەتی دیداری هاوشێوە لە قۆناغی داهاتودا هەن ئەگەر پێویست بكات."

ئەردۆغان وتیشی"تاڵیبان پێشنیاری بۆ كردوین كە ئەوان پرسی ئاسایشی فڕۆكەخانەی كابوڵ بگرنە ئەستۆو ئێمەش ئیدارەی فڕۆكەخانەكە. بەڵام ئێمە هێشتا لەوبارەیەوە هیچ بڕیارێكمان نەداوە."

ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئیدانەی تەقینەوەكانی دوێنێی فڕۆكەخانەی كابوڵی كردو راشیگەیاند، ئەنجامدانی ئەو هێرشە لەلایەن داعشەوە لەم قۆناغەدا، ئاستی مەترسیی داعش لەناوچەكەو جیهان دەردەخات.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە توركیا بەردەوامە لە گەڕاندنەوەی سەربازەكانی لە ئەفغانستان و ئەو پڕۆسەیەش لەنزیكترین كاتدا تەواودەكرێت.

لەبارەی كۆچبەرانیشەوە، ئەردۆغان وتی، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆ، لە ئێستادا 300 هەزار ئەفغانی بە تۆماركراو و تۆمارنەكراوەوە لە توركیان.

جەختیشی كردەوە كە ئەوان زۆر هەستیارن بەرامبەر بە كۆچبەران و وتیشی"لە تەواوی سنورەكانمان دیوار دروست دەكەین، لە سنوری ئێرانەوە بگرە تا سنوری عێراق و سوریا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×