کۆنگرەی هەرێمی وڵاتانی دراوسێی عێراق لەبەغدا بەڕێوەدەچێت‌
  2021-08-27       471       
سبه‌ی‌ کۆنگرەی هەرێمی وڵاتانی دراوسێی عێراق لەبەغدا بەڕێوەدەچێت‌، جگە لەسەرکردەی وڵاتانی‌ دراوسێ، نوێنه‌رو وەزیرانی دەرەوەی‌ فه‌ڕەنساو یەکێتی ئەوروپاو نەتەوە یەکگرتوەکانیش بەشدار دەبن.

ئاوێنه‌: حەسەن نازم، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، سبه‌ی‌ شەممەی کۆنگرەی هەرێمی وڵاتانی دراوسێی عێراق لەبەغدا بەڕێوەدەچێت، کۆنگرەکە رەنگدانەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەوڵەتی عێراقە بۆ گێڕانەوەی رۆڵی پێشویی و حکومەت توانیویەتی رەزامەندی لەئاستی نێودەوڵەتیی بەدەستبهێنێت.

وتیشی‌، "كۆنگرەکە چەند تەوەرەیەک لەخۆدەگرێت، تەوەرە سەرەکییەکانی پەیوەستن بە دیپلۆماسییەتی عێراقی کە سەقامگیری عێراق فەراهەم بکات، هەروەها گرنگی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری خۆی هەیە. هەروەها گفتوگۆ دەکرێت لەسەر ئەو بابەتانەی سنوورەکان تێدەپەڕێنن، وەک گۆڕانی کەشوهەوا، بۆیە ئەو کۆنگرەیە فراوانترە لەوەی لە گۆشەیەکی دیاریکراو قەتیس بکرێت".

بڕیاره‌ سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نساو نوێنه‌ری‌ یەکێتی ئەوروپاو نەتەوە یەکگرتوەکان بەشداربن، هه‌روه‌ها تورکیاو سعودیەو ئێران لەئاستی وەزارەتی دەرەوە بەشداریی لەكۆنگره‌كه‌دا دەکەن. 

له‌دوای ساڵی‌ 2003و ڕوخانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌عسیه‌كان، یەکەمجارە كۆنگره‌یه‌كی‌ هه‌رێمایه‌تی‌ له‌و شێوه‌یه‌ له‌عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×