وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لهبارهی پرسی داننان بە حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان رایگەیاند "ئێمە تەماشای رەفتاریان دەکەین نەک گوفتاریان".
ئاوێنه: نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگهیاند، کۆبوونەوەکانیان دەربارەی کاری دیپلۆماسی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە دوای 31ی ئاب بەردەوامە و دەیانەوێت درێژە بە مانەوەی دیپلۆماسییانەی خۆیان لەو وڵاتە بدەن.
پرایس دەربارەی ئەگەری متمانە کردنی ئەمریکا بە تاڵیبان، وتی: "ئەم بابەتە پەیوەندیی بە متمانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بەرژەوەندی هەردوولاوە هەیە".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، كه لە ئێستادا ئەستەمە بتوانن لە بارەی داننان بە حکوومەتی تاڵیبان وەڵامێکی روون بدەنەوە، تاڵیبان هەندێک راگەیەنراویان هەبووە، کە بهشێكیان ئەرێنی و بنیاتنەرن، بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە و هاوپەیمانەکانمان چاودێری کردارەکانیان دەکەین نەک گوفتارەکانیان".