خامنەیی: ئەمریکا سەرچاوەی قەیرانەکانی ئەفغانستانە
  2021-08-28       513       


رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی ئاشكرای كرد سەرچاوەی قەیرانەکانی ئەفغانستان ئەمریکایە کە ٢٠ ساڵ بەر لە ئێستا ئەو وڵاتەی داگیر کرد.
 
ئاوێنه‌: بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی فەرمی دەوڵەتی ئێران، عەلی خامنەیی لە میانی پێشوازیی کردنی لە ئەندامانی کابینەی حکوومەتەکەی سه‌ركۆماری وڵاته‌كه‌ی، ئیبراهیم رەئیسی وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە لە قۆناغی حکوومەتی پێشوودا متمانەی هاووڵاتییان بە حکوومەت لاواز بووە و هیوای خواست کابینەی نوێ بتوانێت ئەم رەوشە بگۆڕێت.

عەلی خامنەیی ئاماژەی بە گرنگی سیاسەتی دەرەکی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دیپلۆماسیەتی ئابووری بەهێز بکرێت، هەروەها راشیگەیاند کە پێویستە سیاسەتی دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ بەهێز بکرێت.

خامنه‌یی لە درێژەی گوتەکانیدا باسی لە دانوستانەکانی تایبەت بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی و دوایین بەرەوپێشچوونەکانی ئەفغانستان کرد و رایگەیاند: "ئەمریکییەکان لە پرسی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەدا زۆر بێشەرمانە مامەڵەیان کرد و بە بەرچاوی هەمووانەوە تاکلایەنە لە رێککەوتننامەکە کشانەوە لەگەڵ ئەوەشدا وەک ئەوەی ئێران لە رێککەوتننامەکە کشابێتەوە کەوتنە داواکاری و مەرج دانان. بەم شێوەیەش گاڵتەیان بە دانوستانەکان کرد، وڵاتانی ئەورووپاش هاوشێوەی ئەمریکا رەفتاریان کرد".

رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئاماژەی بەوەش دا کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە دانوستانەکانی تایبەت بە چالاک کردنەوەی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەدا هاوشێوەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رەفتاری کردوە و گوتی: "حکوومەتی ئێستای ئەمریکا لەگەڵ حکوومەتی پێشوو جیاوازی نییە. هەرچەندە بە رووکەش داواکارییەکانیان لە ئێران جیاوازە بەڵام لە راستیدا هەمان خواستی ترەمپ-یان هەیە".

- "ئەمریکا تەنانەت یەک هەنگاویشی بۆ گەشەپێدانی ئەفغانستان نەناوە"

عەلی خامنەیی باسی لەوەشکرد کە ئەمریکا سەرچاوەی قەیرانەکانی ئەفغانستانە، گوتیشی: "ئەمریکا تەنانەت یەک هەنگاویشی بۆ گەشەپێدانی ئەفغانستان نەناوە، ئەگەر لە ئێستادا ئەفغانستان لە روانگەی گەشەپێدانەوە لە ٢٠ ساڵ بەر لە ئێستا لەدواتر نەبێت، لە پێشتر نییە. ئەمریکا سەرچاوەی قەیرانەکانی ئەفغانستانە. ئەمریکا وای کرد لە ٢٠ ساڵی داگیرکاریدا بۆردومانی ئاهەنگ و پرسەکان، دەستگیر کردنی کەسانی بێتاوان و بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر ١٠ هێندە زیاد بکات".

خامنەیی ئەوەشی دووپات کردەوە کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانی کردنی گەلی ئەفغانستان و رایگەیاند: "ئێمە پشتیوانی لە گەلی ئەفغانستان دەکەین. حکوومەتەکان دێن و دەڕۆن ئەوەی کە دەمێنێتەوە گەلی ئەو وڵاتەیە. بایەخی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتەکان پەیوەستە بە ئاستی پەیوەندییەکانی ئەوان لەگەڵ ئێمەدا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×