میدیاکارێکی کەناڵی "بی بی سی" بەریتانی ئاشکرایکرد، تاڵیبان هەموو هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندی و مۆبایلی ویلایەتی پەنجشیری ئەفغانستان پچڕاندووە.
ئاوێنه: ئهمڕۆ یەکشەممە، ٢٩ی ئاب، یەڵدا حەکیم، میدیاکاری کەناڵی "بی بی سی" بەریتانی رایگەیاند:" زانیاری تەواوی هەیە لەناوخۆی ئەفغانستانەوە کە تاڵیبان هەموو هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندی و مۆبایلیی ویلایەتی پەنجیشری لە باکوری وڵاتەکە پچڕاندووە".
هاوکات دوێنێش کەناڵی "تەللوع نیوز"ی ئەفغانی لەزاری ئینعامەڵڵا سمنجانی، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری تاڵیبانەوە ئاماژەی بەوەداوە:" چەکدارانی بزووتنەوەکە لەچەند لایەکەوە چوونەتە ناو ویلایەتی پەنجشیرەوە و هیچ بەرەنگارییەکیش بەرامبەریان نەکراوە و دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ "هاوپەیمانیی باکور" هێشتا کراوەیە".
"هاوپەیمانی باکور" ئەو هێزانە دەگرێتەوە کە بەنەیاری تاڵیبان دادەنرێن و لەلایەن ئەحمەد مەسعود، کوڕی ئەحمەد شا مەسعودەوە سەرکردایەتی دەکرێن و لەویلایەتی پەنجشیری باکوری ئەفغانستان کۆبوونەتەوە کە تاکە ویلایەتی ئەو وڵاتەیە نەکەوتبێتە ژێرکۆنتڕۆڵی تاڵیبان.