هیندستان: بۆ دروستکردنی پەیوەندی دبلۆماسی لەگەڵ تاڵیبان لەپەیوەندیداین
  2021-09-01       447       
وەزارەتی دەرەوەی هیندستان رایگەیاند:" وەک یەکەم هەنگاو بۆ دروستکردنی پەیوەندی دبلۆماسی نێوان خۆیان و تاڵیبان، باڵیۆزی هیندستان بۆ قەتەر لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای تاڵیباندا کۆبووەتەوە

ئاوێنه‌: وەزارەتی دەرەوەی هیندستان رایگەیاندووە، دیپاک میتال باڵیۆزی هیندستان لەگەڵ شێر محەمەد عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی تاڵیبان لە قەتەر کۆبووەتەوە و تاڵیبان داوای ئەو کۆبوونەوەیەی کردووە، ئەمەش یەکەم رێگایە بۆ نزیکبوونەوەی نێوانیان و یەکەم دانیشتنیانە لەدوای دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە.

تاڵیبان پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ پاکستاندا هەیە، کە ئەوەش بۆ هیندستان لەبار نابێت، چونکە پاکستان و هیندستان رکابەرییان هەیە. وەزارەتی دەرەوەی هیندستانیش دەڵێت، باسیان لە پارێزراوی ئەو هاووڵاتییانەی هیندستان کردووە کە هێشتا لە ئەفغانستاندا ماون.

ئەو باڵیۆزە ترس و نیگەرانییەکانی هیندستانی بە بەرپرسەکەی تاڵیبان گەیاندووە و باسی لەوەکردووە، نیگەرانن لەوەی چەکدارانی دژ بە هیندستان خاکی ئەفغانستان بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هیندستان بە بڕی زیاتر لە سێ ملیار دۆلار وەربەرهێنانی کردووە لە ئەفغانستان و پەیوەندییەکی نزیکی هەبوو لەگەڵ حکومەتەکەی ئەفغانستاندا، بەڵام دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، حکومەتی هیندستان رووبەڕووی رەخنە بووەوە لەسەر ئەوەی بۆچی کەناڵێکی پەیوەندی لەگەڵ تاڵیباندا نەکردووەتەوە.

رۆژی 15ی ئابی 2021، چەکدارانی تاڵیبان پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە 20 ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، وڵاتی بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە رووبەڕووی بزووتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×