میدیای رەسمی پەكەكە دانپێدانانی "سیخوڕێكی توركیا" بڵاودەكاتەوە
  2021-09-03       2221       

میدیای رەسمی پەكەكە بڵاویكردەوە، "دیلان ئینانچ، 23 ساڵان، کە بۆ کاری سیخوڕی نێردراوە بۆناو ریزەکانی گەریلا دوای ئاشکرابونی دان بە تاوانەکانیدا دەنێت، کە هێشتا تەمەنی 16ساڵان بوە لە باکور بەپیلانی دەوڵەت سێ کەسی کوشتون و تەرمەکانیانی شاردونەتەوە، خانەوادەی ئەو کەسانە لە ساڵی 2014 لەبەردەم بینای (دەبەپە) و شارەوانی ئامەد خۆپیشاندانیان دەکردو داوای منداڵەکانیان لە پەکەکە دەکرد."

ئاوێنە: بەپێی دانپێدانانەكانی خۆی كە لەلایەن ئاژانسی فوڕات نیوزەوە بڵاوكراونەتەوە "دیلان ئینانچ تەمەنی 23 ساڵەو خەڵکی ناوچەی فارقینە لە شاری ئامەد."

ئەو باس لەوە دەكات كە "لەدوای ئەوەی براکەی سیدار ئینانچ تەسلیمی کاری سیخوڕی بوە، ئەویش دەکەوێتە ناو تۆڕی سیخوڕییەوە."

هەر بەپێی دانپێدانانەكان "دواتر خزمێکی بەناوی کەمال مەرغەن لە ئامەد، بە بیانوی خۆشەویستی و هاوسەرگیرییەوە لێی نزیک دەبێتەوە، بەڵام مەرغەن و گروپەکەی دیلان دەڕفێنن و دەیبەنە ماڵێک کە لەوێدا دەستدرێژی دەکەنە سەر خەڵک و هەڕەشەی ئەوەی لێدەکەن کە ئەگەر کاری سیخوڕییان لەگەڵدا نەکات ئەوە دەستدرێژی دەکەنە سەر ئەویش."

دواتر "سیخوڕ دیلان ڕاهێنانی پێدەکرێت و لە گروپەکەی کەمال مەرغەن دەستبەکاری سیخوڕی دەکات."

دیلان لەبارەی ڕاهێنانەکانەوە دەڵێت "سەرەتا لەڕوی فکری و دەرونییەوە کاریان لەسەر کردم دواتر خرامە ڕاهێنانی سەربازییەوە، لە کۆتاییشدا بۆ نەهێشتنی ویژدان، مرۆڤایەتی و بەزەیی و ترس لە مرۆڤدا ئەتخەنە چالاکییەوەو بە کرداری راهێنانت پێدەکەن، ئەندامەکانی میت دەیانوت: 'دەوڵەت تۆ بەخێودەکات پێویستە تۆش خاوەندارێتی لە دەوڵەت بکەیت'، وات لێدەکەن دەوڵەت داوای چی بکات بۆیان بکەیت، لەو چوارچێوەیەشدا پەیمانمدا هەتا کۆتایی دژی پەکەکە شەڕ بکەم."

بەشێکیتر لە دانپێدانانەکانی دیلان دەربارەی ئەو خێزانانەن کە لە ساڵی 2014ـدا لەبەردەم بینای (دەبەپە) و (هەدەپە)و شارەوانی ئامەد خۆپیشاندانیان دەکرد و وێنەی منداڵەکانیان بەرزدەکردەوە و داوای منداڵەکانیان لە پەکەکە دەکرد، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە پەکەکە منداڵەکانیانی بردوە، ئەوکات حکومەتی ئاکەپە و دەوڵەتی تورک لە میدیاکاندا، کردییان بە ڕۆژەڤ و بەو بیانوەوە هێرشیانکردە سەر جوڵانەوەو ناوەندە ئازادیخوازەکانی کورد لە باکوری کوردستان و تا ئەمڕۆش ئەو هێرشانە لەسەر هەدەپە بەردەوامە.

لەوبارەیەوە دیلان دەڵێت"میت بەشێک لەو کەسانەی کوشتوەو تەرمەکانیانی شاردونەتەوە، خۆم بەدەستی خۆم سێ کەسم لەوانە کوشتوە کە تەمەنیان لەنێوان 22 تا 24 ساڵان بو، دواتر پارەیان دەدا بەو ماڵانە کە وێنەی منداڵی ڕۆڵەکانیان بهێنن بۆ ئەوەی وای نیشانبدەن کە بە تەمەنێکی کەمەوە چونەتە ناو پەکەکە، من نەمزانیبو کە ئەو سێ کەسەی من کوشتومن لەناو ئەو کەسانەن کە دەوڵەت بۆ پڕوپاگەندە دژی پەکەکە بەکاریان دەهێنێت، کاتێک تەماشای تەلەفزیۆنم کرد وێنەی ئەو سێ کەسەم بەدەستی کەسوکارەکەیانەوە بینی کە من کوشتبومن، کەچی پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە پەکەکە لە تەمەنێکی کەمدا ئەوانی بردوە."

دیلان دەڵێت "دواتر لەوە تێگەشتم دوای کوشتنی منداڵەکانیان لە ڕیگای سیخورەکانەوە بە خانەوادەکەی دەوترا کە منداڵەکەت چوەتە ناو ڕیزەکانی پەکەکە، ئەگەر هەر خێزانێک وڵاتپارێز بوبان و بەشوێن منداڵەکانیان نەکەوتبان دەوڵەت دەستگیری دەکردن."

بەپێی دانپێدانەكان، "دیلان ئینانچ ساڵی 2015 بۆ ئەنجامدانی کردەوەی گە

ورەتر، وەک سیخوڕێک دەنێردرێتە ناو ڕیزەکانی گەریلا، بۆ ئەوەی بەڕێوەبەر و کەسانی باڵای ناو پەکەکە بکاتە ئامانج، لە ناو ڕیزەکانی گەریلادا ناوی زیلان بەرخۆدان لەخۆی دەنێت، لە داهاتودا بۆئەوەی خۆی لە پەروەردەیەکی تایبەت دوربخاتەوە هەوڵی خۆشاردنەوە دەدات، بەڵام گەریلا پێی دەزانن و ئاشکرادەبێت دوای گرتنی، دان بە هەمو تاوانەکانیدا دەنێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×